یووسف عومەرپوور بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا

11:18 - 23 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "یووسف عومەرپوور" خەڵکی گوندی "چیانە"ی پیرانشار بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی نەغەدە گوازرایەوە.

ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری پیرانشارەوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە شەش مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، یووسف عومەرپوور بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٠، یووسف عومەرپوور بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.