ئیلامییەکان بە دروشمی \"بژی کوردستان\" پشتیوانییان لە خەڵكی کۆبانی کرد+وێنە

14:47 - 21 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای بەربەستی ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە شاری ئیلام، خۆپیشاندانی بەرینی پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی، بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارەی رۆژی رابردوو سەدان هاووڵاتیی کورد بۆ پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی لە \"پارک کودک(پارکی منداڵ)\"ی ئیلام کۆبوونەوە.

لەو خۆپیشاندانەدا کۆمەڵێک دروشم بەدژی \"دەوڵەتی ئیسلامی\" و سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا وتراوە.

رێپێوان و کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەی شاری ئیلام بەبێ هەبوونی مۆڵەت بەڕێوەچووە، کە لەگەڵ پێشوازیی بێ وینەی خەڵکی شارەکە بەرەوڕوو بۆتەوە.

هاوکات هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، پوستێر و نووسراوە هەڵواسراوەکانی نێو پارکی شاری ئیلامیان دڕاندووە.

(بژی کوردستان، کۆبانی تۆ شەرفی کوردانی و بژی کۆبانی) بەشێکی دیکە لە دروشمە سەرەکییەکانی خۆپیشاندەرانی شاری ئیلام بووە.

سەرچاوەکان باس لە دەستبەسەر کرانی ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران دەکەن، کە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا دروستیی ئەم هەواڵە پشتڕاست ناکاتەوە.

خۆپیشاندانی هاووڵاتییان بە خوێندنەوەی بەیاننامەیەکی ٦ خاڵی لەمەڕ مەحکووم کردنی جینایەتەکانی داعش و پشتیوانی لە خەڵكی کۆبانی کۆتایی هاتووە، کە تیایدا داوا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆڕ و رێکخراوە نێوندەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤ کراوە، رێگری لە دوپات بوونەوەی کارەساتێکی هاوچەشنی هەڵەبجە و کوشتاری خەڵکی کورد لە سەدەی ٢١دا بکەن.

لەلایەکی دیکەوە سەرلە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، ژمارەیەک لە چالاکان و هاووڵاتییانی شاری دیواندەرە، بۆ پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی خۆپیشاندانێکیان بەرێوە برد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری دیواندەرە رایگەیاند، خۆپیشاندانی هاووڵاتییان و چالاکانی شاری دیواندەورە، لە ماوەی رۆژانی رابردوو لە هەوڵی وەرگرتنی مۆڵەت بۆ بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان بوونە، کە داواکانیان رەت کرابوویەوەو بەو هۆیەوە خۆپیشاندانەکە بەبێ مۆڵەت بەرێوەچووە.

بە گوتەی شایەتحالان، هێزە ئینتزامی و ئیتلاعاتییەکان شاری دیواندەرە دەستبەجێ گەیشتنە لای خۆپیشاندەران و بە ژمارەیک کامێرا، وێنەیان لە خۆپیشاندەران هەڵدەگرتەوە و دواتریش بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد.
\"22641.jpg\"

\"22643.jpg\"

\"22644.jpg\"

\"22645.jpg\"

\"22646.jpg\"

\"22647.jpg\"

\"22648.jpg\"

\"22649.jpg\"