ئیلام/ ئێعدام کرانی هاووڵاتییەکی دیکەی کورد لە بەرچاوی خەڵک

21:36 - 13 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ئیلام، پاش ٤ ساڵ راگیران لە زیندان، بە بڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێــران لە بەرچاوی خەڵک ئێعدام کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ١٣ی خەرمانان حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ئیلام کە بە تۆمەتی کوشتنی هاووڵاییەک حوکمی ئێعدامی بۆ بڕابوویەوە، بە بریاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە بەر چاوی خەڵک حوکمەکەی جێبەجێ کرا.

دەگوترێت کە ئەو هاووڵاتییە کوردە ساڵی ١٣٨٨ لە یەکێک لە چیاکانی دەوروبەری شاری ئیلام لە ئەنجامی کێشیەکدا کەسێکی کوشتبوو کە دواتر لەلایەن دەزگای قەزاییەوە حوکمی ئێعدامی بۆ بڕابوویەوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ١٣ رۆژی رابردوودا ١٩ هاووڵاتی لە وڵاتی ئێـران ئێعدام کراون کە لە کۆی ئەو رێژەیە ٣ کەسیان هاووڵاتیی کورد بوون و هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی کوردیش لەو ماوەیەدا حوکمی ئێعدامی بۆ بڕاوەتەوە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بە سەرنجدان بە رەوتی ئێعدام کردنی نهێنیی هاووڵاتییان لە زیندانەکانی ئێــراندا، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.