ئیلام/ گەڵاڵەی ناوەندە حکوومەتییەکان کەڵەکێوی زەرد بەرەو فەوتان دەبات

15:08 - 27 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: گەڵاڵەی راگواستنی کەڵەکێوی زەرد لەکوردستانەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران نیگەرانی چالاکان و داکۆکیکارانی \"ژینگەی ئاژەڵان (حیات وحش)\"ی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٢٥ی گەڵاوێژ، ژمارەیەک کەڵەکێوی زەرد لەناوچە پارێزراوەکانی \" مانێشت و قەڵارەنگ\"ی ئیلامەوە بۆ ئوستانی یەزد گوازرانەوە.

گواستنەوەی ئەو کەڵەکێویانە لەسەر بڕیاری رێکخراوی ژینگەپارێزی لەسەرەتای ئەمساڵدا دەرکراوەو کە سەرجەم ١٢کەڵەکێوی لەخۆ دەگرێت.

بەرپرسێکی حکوومەتی لەوتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی مانێشت و قەڵارەنگ هۆکاری ئەو راگوێزرانەی گەڕاندووەتەوە بۆ زیادکردنی رێژەی \"زاوزێ\" و لەهەمان کاتیشدا باسی لەنەبوونی شوێنی پێویست بۆ راگرتنی ئەو کەڵەکێوییانە کردووە.

بەوتەی بێهزاد بەهامین، ئەگەر ئەو ئاژەڵانە خوو بە شوێنە تازەکەیان بگرن ئەوە ٦ کەڵەکێوی دیکەش لەداهاتوویەکی نزیکدا بۆ یەزد رادەگوێزرێن.

بە باوەڕی کارناسان، گواستنەوەی ئەو کەڵەکێوییانە لەکاتێک دایە کە دارستان و لێڕەوارەکانی زاگرۆس و دارستانەکانی باشووری کوردستانی ئێران باشترین شوێن بۆ ئەو ئاژەڵانەیە و ئەو پرسە نیگەرانی چالاکان و داکۆکیکارانی ژینگەپارێزی و ژینگەی ئاژەڵانی لێکەوتووەتەوە.

لەماوەی ٨ساڵی رابردوو، ٦سەرکەڵەکێوی زەرد لە جۆری \"گاوسانان\" لە دوورگەی ئەشک لە گوڵی ورمێ بۆ ناوچەی پارێزراوی مانێشت و قەڵارەنگ گوازرانەتەوە و لەحاڵی حازردا ژمارەیان گەیشتووەتە ٥٠ سەر کەڵەکێوی.

لەچەند مانگی رابردوو راوکردنی لەرادەبەدەر و ئاگرکەتنەوە لەناوچە دارستانییەکانی ئوستانی ئیلام بە تایبەتی مانێشت و قەڵارەنگ کەشوێنی ژیانی ئاژەڵ و گیانلەبەرانە رووی لەزیادبوون کردووە و ناوەندە پەیوەندییدارەکانی حکوومەتی لەو بارەیەوە هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەریی هەڵنەگرتووە.