ئیلام/ پارکی ناستاندارد گیانی کچێکی ١١ ساڵەی ئەستاند

22:18 - 6 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: کچێکی تەمەن ١١ ساڵەی کورد لە شاری ئیلام بەهۆی بەربوونەوە لە \"جۆلانە\"ی پارکی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.

شەوی رابردوو رێکەوتی ٥ی پووشپەڕ کچێکی تەمەن ١١ ساڵەی کورد بەناوی \"موبینا\" بەهۆی بەربوونەوە لە جۆلانەی پارکی \"چقا سەوز\"ی شاری ئیلام و ناستاندارد بوونی شوێنی هەڵبەسترانی ئەو جۆلانەیە ، بووە قوربانی.

باوکی ئەو کچە لە لیدوانێکدا بە هەواڵدەرییە حکوومەتییەکانی راگەیاندووە، \"کچەکەم سەرقاڵی جۆلانە کردن بوو کە بەشێوەیەکی کتوپڕ لە جۆلانەکە بەربوویەوە و سەری درا لە زەوی، بەلام بەهۆی خراپی و ناستاندارد بوونی شوێنی ئەو جۆلانەیە، تووشی خوێنڕێژی بوو کە پاش گەیشتن بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

چەند رۆژ پێش ئێستا بەرپرسی گشتیی \"ستاندارد سازی و لێکۆڵینەوەی سەنعەتی\"ـی ئوستانی ئیلام رایگەیاندبوو، تەنیا لە هەندێک لە شاری یاری و پارکەکانی ئوستان، ستاندارد سازی و مەرجەکانی تەندرووستی لەکەلووپەل و کەرەسەکانی یاریدا رەچاو نەکراوە.

\"محەممەد مەدەدی\" راشیگەیاندبوو کەلە ساڵی ١٣٨٩ بەم لاوە پێڕاگەیشتن و چاوەدێری بە دۆخی هەموو پارکەکانی ئوستانی ئیلام کراوە و ساڵی رابردوو ٢ شاری یاری لەئوستانی ئیلام بەهۆی لەبەرچاو نەگرتنی مەرجی تەندرووستی و ناستاندارد بوونەوە، لەلایەن کارناسانی ئەو ئیدارەیەوە داخراون.

بەرپرسەی ئیدارەی ستاندارد سازیی ئوستانی ئیلام لە کاتیک دا باس لە چاکسازی وپێڕاگەیشتن بە دۆخی پارک و شاری یارییەکاندا دەکات، کە هەتا ئێستاش چەندین پارک و شاری یاریی ناستاندارد لەو ئوستانەدا بوونیان هەیە و هەڕەشە لە گیانی منداڵان دەکەن.