کرماشان؛ ١٦٩ ڕۆژ ناڕوونیی چارەنووسی ئێحسان وینە، تەنانەت یەک پێوەندیی تلفۆنیشی نەبووە

22:44 - 1 پووشپەڕ 2726

٣١ی جۆزەردانی ۱۴۰۵؛ پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٥ مانگ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "ئێحسان وینە" هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٢٩ ساڵانی خەڵکی کرماشان، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو لەو ماوەیەدا لەگەڵ لە مافی هەر جۆرە پێوەندی و چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و هیچ ناوەندێکی بەرپرسیار، وڵامدەری دۆخی ناوبراو نەبووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت: سەرەڕای تێپەڕبوونی ٥ مانگ و ١٧ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە،  چارەنووسی "ئێحسان وینە" لاوی ٢٩ ساڵانی کورد، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو لەو ماوەیەدا تەنانەت یەک پێوەندیی چەند چرکەییشی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و نزیکەکانی نازانن "ئایا زیندوویە یان نا". هەروەها ناوەندە ئەمنییەتییەکان، بەندیخانە و گرتنگەکانیش هیچ وڵامێک بە بەدواداچوونەکانی کەسە نزیکەکانی نادەنەوە و تەنیا دەڵێن: "ئاگادار نین."

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش لەمبارەوە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

ئێحسان وینە تەمەن ٢٩ ساڵان، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە.

ناڕوونیی چارەنووسی ئێحسان وینە پاش ١٦٩ ڕۆژ دەسبەسەرکران، بێبەریکرانی تەواو لە پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، دەستڕانەگەیشتنی بە پارێزەر و ڕێگریکردنی ناوەندە بەرپرسیارەکان لە دانەوەی هەر جۆرە زانیارییەک، لە ڕوانگەی یاسای نێوەدەوڵەتییەوە دەتوانێ لەخۆگری توخمەکانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە بێت. دۆخێک کە تاک بە کردەوە لە دەرەوەی پشتیوانی یاساییدا دەبێت و نیگەرانیگەلێکی جیددی سەبارەت بە ئەمنییەتی گیانی و جەستەییشی دروست دەکات. دۆخێک کە ناوەندە مافی مرۆییەکان بە هۆکاری زۆربوونەوەی مەترسیی ئەشکەنجە، هەڵسوکەوتی نابەجێ و پێشێلکردنی مافی پێڕاگەیشتنی دادپەروەرانەی دەزانن.

ئەم دۆخە جیا لە دژایەتی لەگەڵ بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری مافی ئازادی، ئەمنییەتی تاکەکەسی و پێڕاگەیشتنی دادپەروەرانە، لەگەڵ ئەسڵەکانی ۳۲ و ۳۵ی یاسای بنەڕەتی و مافی یاسایی تۆمەتباران لە یاسایی ئایینی دادڕەسیی کەیفەریدا، دژایەتیی هەیە؛ یاساگەلێک کە جەخت لەسەر مافی ئاگاداربوون لە دۆخی دەسبەسەرکران، دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و ڕەچاوکردنی ڕیوشوێنە یاساییەکان لە کاتی دەسبەسەرکراندا دەکەنەوە.

کوردپا لە ڕێگەی سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە دەستی بە زانیاریگەلێک گەیشتووە کە نیشانی دەدەن، زۆربەی دەسبەسەرکراوانی کرماشان لە بەندێکی ئەمنییەتیدا کە لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا کەڵکی لێ وەرگیراوە، لە دۆخێکی یەکجار نامرۆییدا ڕاگیراون و لەگەڵ بێبەریکران لە مافی پێوەندی لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بەرەوڕوو بوونەتەوە.