سنە؛ سوهەیلا مەتاعی، چالاکی مەدەنی لەژێر چاودێری پێبەندی ئێلێکترۆنیدا لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەت ئازاد کرا
ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٥، سوهەیلا مەتاعی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان لەژێر چاودێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیدا لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە ئازاد کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە مەدەنییە باقی ماوەی سزای شەش مانگەکەی لە دەرەوەی بەندیخانە و لەژێر چاودێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیدا تێپەڕ دەکات.
سوهەیلا پێشتر لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوکەیفەری ٢ی دێولانەوە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران» بە شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرابوو و ڕۆژی شەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥ دوای بانگهێشتکردنی بۆ لقی ١٠٢ی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ئینقلابی دێولان، بەمەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی بەندکرانەکەی بۆ کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە گوازرابووەوە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، سوهەیلا مەتاعی بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ئەم ژنە چالاکە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەدا لەژێر لێپرسینەوەدا بووە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، سوهەیلا مەتاعی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان لە پێوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە ڕۆژی جیهانیی ژن لە سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
سوهەیلا مەتاعی کە لە کاتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی"شدا دەسبەسەر کرابوو، لە ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ هاوکات لەگەڵ مانگرتنی گشتیی نا بۆ سێدارە، لە دوای چوونەدەرەوەی لە ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و هەر ئەو ڕۆژە دوای پێکهێنانی دۆسییەی دادگا بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
سوهەیلا مەتاعی لە کاتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی"دا دوو جار دەسبەسەر کرا و بە بەندکران مەحکووم کرا.
ناوبراو جاری یەکەم ٩ی ڕەزبەری ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. پاشان ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠١ دووبارە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرایەوە و دوای تەواوبوونی قۆناغی لێپرسینەوە بۆ کانوونی ئێسلاح و تەربییەتی سنە گوازرایەوە.
لە کۆتاییدا ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠١ لەلایەن لقی دووەمی دادگای کەیفەریی دێولانەوە بە تۆمەتەکانی « تێکدانی نەزمی گشتی» بە ١٨ مانگ بەندکرانی داسەپاو، « پڕوپاگەندە دژی نیزام» بە ١٥ مانگ بەندکرانی داسەپاو، «تێکدانی بیروڕای گشتی لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی درۆوە» بە ١٣ مانگ بەندکرانی داسەپاو، «گوێنەدان بە مەئمووران» بە ٥ مانگ بەندکرانی داسەپاو و « پڕوپاگەندە بۆ بەرژەوەندیی تاقم و ڕێکخراوە دژبەرەکانی نیزام» بە ٩ مانگ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرا.
بەپێی یاسای فرەچەشنی حوکمەکان، حوکمی ١٨ مانگ بەندکران بۆ ئەم هاووڵاتییە کوردە شیاوی جێبەجێکردن بووە.
سوهەیلا مەتایی لە دادگایەکی چەند خولەکی و بە شێوازی ڤیدیۆ کۆنفرانس دادگایی کرابوو.