مەڵەکشایی/ئیلام؛ مەهدی کەریمی دەسبەسەر کرا و لە ماوەی دوو ڕۆژدا دانپێدانانی زۆرەملێی بڵاو کرایەوە، گیانی لە مەترسیدایە

22:05 - 2 پووشپەڕ 2726

١ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانە و توندوتیژانەکاندا، «مەهدی کەریمی»، لاوی کوردی خەڵکی مەڵەکشایی لە پارێزگای ئیلام، بە شێوازێکی توندوتیژانە دەسبەسەر کرا و دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو لە ماوەی دوو ڕۆژدا لە «  دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی»یەوە بڵاو کرایەوە. سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی ناوبراو، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە و لە مافی هەر جۆرە پێوەندی و چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە؛ بە جۆرێک کە بەپێی ڕاپۆرتەکان، گیانی ئەو لە دوای ئەم دانپێدانانە زۆرەملێیانە کەوتووەتە مەترسییەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە «کوردپا»ی ڕاگەیاند؛ ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەکان بەبێ پێشکەشکردنی حوکمی دادوەری و بە شێوازێکی توندوتیژانە دەسبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە. ئەم سەرچاوەیە جەختی کردووەتەوە ئەو کەسەی کە لە ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی حکوومەتیدا بە دەموچاوی لێڵکراوەوە دەبینرێت، «مەهدی کەریمی»یە.

ڕۆژی شەممە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٤، میدیا حکوومەتییەکان لەوانە هەواڵدەریی میزان و دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی، ڤیدیۆیەکیان لە دانپێدانانی زۆرەملێی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئیلام لەژێر ناونیشانی «دەسبەسەرکردنی ٣ لیدەری مەیانی و ١٤ بەکرێگیراوی ئەمریکا-ئیسرائیل» بڵاو کردەوە؛ ئەدەبیاتێک کە لە مانگەکانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەربڵاو لەلایەن میدیا حکوومەتییەکانەوە دژی ناڕازییان و دەسبەسەرکراوان بەکار دەهێنرێت.

ئەم میدیایانە لە کاتێکدا کە دەسبەسەرکراوان لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەشن و هیچ دادگایەکیان بۆ بەڕێوە نەچووە، ئیدیعایان کردووە کە تۆمەتەکانیان بریتی بووە لە «تێکدان و ئاگرتێبەردانی دارایی و شوێنە گشتییەکان، تەقەکردن، وێنەگرتن و هێماسازی».

هەروەها وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند سێ کەس لەژێر ناوی «لیدەر» بە ناوەکانی «موراد-ع»، «مەهدی-ک» و «ڕەزا-ف» لە شارەکانی ئیلام، مەڵەکشایی و سەراوڵە لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ دوای ناسینەوە دەسبەسەر کراون. لەم بەیاننامەیەدا ئیدیعای ئەوە کراوە کە ئەم کەسانە بە بڵاوکردنەوەی «وێنەیەک بە قەمە و دەمامکەوە لە کاتێکدا لە ناوەڕاستی شەقامەکەدا لەسەر کورسیی بانکێک دانیشتبوون، بوونەتە هۆی دروستکردنی نائەمنی و ترس و تۆقین و هەروەها چەکی سارد و گەرمیان لێ دۆزراوەتەوە».

لە درێژەی ئەم بەیاننامەیەدا هەروەها هەواڵی دەسبەسەرکردنی ١٤ کەسی تری لەژێر ناونیشانی «تۆڕی تێکدەرانەی ئەمریکا-ئیسرائیل» ڕاگەیاندووە و ئیدیعای کردووە ئەم کەسانە بۆ بەرژەوەندی «دوژمن» چالاکییان کردووە، وێنەیان خستووەتە بەردەست میدیا فارسی زمانەکانی دەرەوەی وڵات و ڕۆڵیان لە «هێرشکردنە سەر ناوەندە ئەمنییەکان»دا هەبووە.

پێشتر وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی و میدیا حکوومەتییەکان لە چەندین حاڵەتدا هەواڵی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانیان لە پارێزگای ئیلام ڕاگەیاندووە، بەڵام تا ئەم ساتە ناسنامەی دروستی دەسبەسەرکراوان و چارەنووسی هیچکام لەوان بە شێوەیەکی سەربەخۆ و ڕوون دیاری نەکراوە و زانیاری لەسەر دۆخی ئێستا یان شوێنی ڕاگرتنیان لەبەردەستدا نییە؛

٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٥؛ وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند لە پێنج پارێزگای ئێراندا، لەوانە ئیلام، سەرجەم ٤٦ کەس لەژێر ناوی «بەکرێگیراوی ئەمریکی-سەهیۆنیستی و هۆکارانی تاقمە تیرۆریستییەکان» دەسبەسەر کراون. لە بەشی پێوەندیدار بە ئیلامدا هاتووە کە ٥ کەس بە تۆمەتی ناردنی زانیاری بۆ «ئیسرائیل» دەسبەسەر کراون و ٢ ئامێری ستارلینکیان لێ دۆزراوەتەوە.

٥ی بانەمەڕی ١٤٠٥؛ وەزارەتی ئیتلاعات هەواڵی دەسبەسەرکردنی کەسێکی لەژێر ناوی «سیخوڕێک» و ١٦ کەس لە هۆکارانی «تاقمە تیرۆریستییەکان» و «کۆد کێشان بۆ دوژمن» لە پێنج پارێزگادا ڕاگەیاند. لە بەشی پێوەندیدار بە ئیلامدا، کەسێک بە ناوی «ئومێد_ئـ» بە تۆمەتی «هاوکاریی هەواڵگری لەگەڵ مووساد و گواستنەوەی زانیاری» لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤؛ ئیرنا ڕاپۆرتی دا لە پارێزگای ئیلام، کەسێک بە ناسنامەی «عەلی.ح» کە بەپێی ئیدیعای سەرچاوە حکوومەتییەکان «مەیلی دزەکردنی بۆ ناو ناوەندەکانی داتا و سیستمە هەستیارەکانی وڵات و گواستنەوەی زانیارییە پۆلێنکراوەکانی بۆ لای دوژمن هەبووە»، پێش هەر جۆرە کارێک ناسراوەتەوە و دەستبەسەر کراوە.

لە ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤی نێودەوڵەتییەوە، بەڕێوەبردنی کارگەلێکی وەک دەسبەسەرکردن بەبێ ڕوونیی دادوەری، ڕاگرتن لە شوێنی نادیار، بێبەشکردن لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و بنەماڵە، و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ پێش بەڕێوەچوونی دادگا، نیشانەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و پێشێلکردنی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیە. هەروەها بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ پێش سەلماندنی تاوان، لەگەڵ بنەمای بێتاوانی و قەدەغەکردنی ناچارکردن بە دانپێداناندا لە دژایەتیدایە.

لەو حاڵەتانەی کە بنەماڵەکان لە شوێنی ڕاگرتنی کەسەکان بێئاگان، ئەم دۆخە دەکرێ لە چوارچێوەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ یان دۆخی هاوشێوەی ئەودا دابنرێت کە لە جیدیترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ئەژمار دەکرێت.