جەواد عەلیکوردی؛ ۱۸ ساڵ بەندکران، دوورخستنەوە و بێبەریکرانی هەمیشەیی لە پارێزەری بە هۆی مافخوازی
۳۱ی جۆزەردانی ۱۴۰۵؛ "جەواد عەلیکوردی"، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەبزەوار، پاریزەری دادگای بەندکراو لە بەندیخانەی وەکیلئابادی مەشهەد و برای "خەسرەو عەلیکوردی" پارێزەری دادگا و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ کە گیانی لەدەست داوە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەشهەدەوە بە ١٨ ساڵ بەندکران، بێبەریکرانی هەمیشەیی لە پارێزەری، دوو ساڵ دوورخرانەوە بۆ سەراوان و دوو ساڵ قەدەغەکرانی چوونەدەرەوە لە وڵات، مەحکووم کراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە دەستی کوردپا گەیشتوون، لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەشهەد، جەواد عەلیکوردیی بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بە ٥ ساڵ بەندکرانی داسەپاو و بۆ تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی بە پێچەوانەی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بە پشتبەستن بە بڕگەی ٤ی یاسای توندکردنەوەی سزای سیخوڕی بە ١٣ ساڵ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کردووە. هەروەها دادگا بۆ ئەم پارێزەرە، سزای تەواوکەری وەک دوورخرانەوەی هەمیشەیی لە کاری پارێزەری، دوو ساڵ بێبەریکرانی چوونەدەرەوە لە وڵات و دوو ساڵ دوورخرانەوە بۆ شاری "سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی دەر کردووە.
کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی جەواد عەلیکوردی لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٤ لە لی یەکی دادگای ئینقلابی مەشهەد بەڕێوە چووبوو. پێش لەوەش کۆبوونەوەی لێپرسینەوە ناوبراو لە پێوەندی لەگەڵ تۆمەتە باسکراوەکان لە لقی ٩٠٢ی دادسەرای مەشهەد بەڕێوە چوو و پاش دەرکردنی داواکاریی پێڕاگەیشتن، دۆسییەکە بە مەبەستی پیڕاگەیشتن ڕادەستی دادگای ئینقلاب کرابوو.
١٤٠٤ هەتا ١٤٠٥؛ مافخوازی پاش مەرگی گوماناویی خەسرەو عەلیکوردی:
پاش گیانلەدەستدانی گوماناویی براکەی، خەسرەو عەلیکوردی لە ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤دا، جەواد عەلیکوردی بە شێوەی ئاشکرا ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەتییەکان کامێرا چاودێرییەکانی شوێنی کارەکەی خەسرەویان بردووە و خوازیاری بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ئەم کامێرایانە بوو؛ هەوڵێک کە بانگکران و لێپرسینەوەی ناوبراوی بەدواوە بوو. ناوبراو لە ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤دا بەشێوەی تلفۆنی لەلایەن دادگای ئینقلابی مەشهەدەوە بانگ کرا.
ئەمجارەیان لە ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤دا بە بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک لە ئینستاگرام نووسی؛ "من، جەواد عەلیکوردی، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤، لە چوارەمین ڕۆژی پاش بەخاکسپاردنی براکەم، دوکتور خەسرەو عەلیکوردی، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەشهەدەوە لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە بانگ کرام؛ و ئەم ئامادەبوونە ـ لە هەر دۆخێکداـ مایەی شانازی و نیشانەیەک لە پێبەندبوونی خۆم بە حەق، حەقیقەت و بەرپرسیارەتی مرۆیی دەزانم. ئەگەر ڕۆژێک ئەم تاریکییەم بەسەردا سەپا، داوا لە هەمووان دەکەم کە لەبیریان نەچێت و بەدواداچوون بۆ ڕوونبوونەوەی چارەنووسی من و براکەم خەسرەو بکەن.
بۆ بنەماڵەکەم: کوڕەکەم ویهان بە بوێری و زانایی دەسپێرم. دایکم پشوودرێژ بێت و پشت بەو ئیمانە ببەستێت کە لە دڵیدایە. و هاوسەرەکم ڕاوەستاو بمێنێ و ڕێگەی وشیاری درێژە پێ بدات."
بۆ هانا و باران: بخوێنن، گەورە بن و چرای زانایی مەکوژێننەوە.
بۆ هاوسەری براکەم خەسرەو: لە پەروەردەکردنی منداڵەکانتدا زانا و ڕاوەستاو بمێنەوە؛ ئەوان درێژەدەری ڕێگەی پیاوێکی بەشەرەفن.
بۆ خەڵکی ئێران، خەڵکی خوارسان و سەربداران: ئێوە کە نەجیبترین و وشیارترین کەسەکانن، هەمیشە ئاگاداری بەرپرسایەتیی خۆتان بەرانبەر بە دادپەروەری، حەقیقەت و کەرامەتی ئینسانی بوون. ڕێگای وشیاری بە زیندوویی ڕابگرن. یا حەق"
لە ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٤دا، ڕێوڕەسمی حەفتەی خەسرەو عەلیکوردی لە مزگەوتی غەدیری مەشهەد لە کەشێکی ئەمنییەتیدا و بە بەشداریی بەرچاوی هێزە ئەەمنییەتییەکان، لیباس شەخسییەکان، دژەشۆڕشەکان و هێزی ئینتیزامی بەڕێوە چوو.
شەقامەکانی دەوروبەری مزگەوت بۆ پێشگرتن لە چوونەژوورەوەی خەڵک داخرابوون. لەم ڕێوڕەسمەدا کۆمەلێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی ئامادە بوون و دروشمگەلی وەک
ڕاوەستاو ئێران" و "نەمان بۆ دیکتاتۆر"یان دەوتەوە. جەواد عەلیکوردی و نەرگس محەممەدیش وتاریان دا بەڵام بە هۆی ئاڵۆزبوونی دۆخەکە، دەستێوەردانی توندوتیژی هێزە ئەمنییەتییەکان و هەوڵەکان بۆ دەسبەسەرکردنی ئامادەبووان، وتاردانەکە ناتەواو مایەوە.
دوابەدوای ئەم رێوڕەسمە، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەوانە، نەرگس محەممەدی، سێپیدە قولیان، هەستی ئەمیری، عالیە موتەلبزادە، پووران نازمی، نوورا حەق، عەلی ئادینەزادە و حەسەن باقرینیا بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کران. بەشداربووان لە ڕێوڕەسمەکەش پێشیان بە دەسبەسەرکردنی جەواد گرت. هەواڵدەریی میزان، سەر بە هێزی دادوەری، لەو کاتەدا ڕایگەیاند کە هێزی ئینتیزامی "ژمارەیەک لە کەسانێک کە پیشینەی مەحکوومکرانی یاساییان هەبووە"ی دەسبەسەر کردووە.
جەواد عەلیکوردی پاش ناڕەزایەتیدەربڕین بە دەسبەسەرکرانی توندوتیژی چالاکانی مەدەنی لە ڕێوڕەسمی حەفتەی براکەیدا و هەروەها هۆشدار لەبارەی درکاندنی زانیاریی پێوەندیدار بە مەرگی خەسرەو عەلیکوردی، لە لایڤێکی ئینستاگرامیدا ڕوو لە ناوەندە حکوومەتییەکان خوازیاری ئازادیی دەسبەسەرکراوان بوو.
ناوبراو هۆشداریی دا کە لە ئەگەری درێژەی ئەم ڕەوتەدا، "شەربەتی شەهیدبوون" دەخواتەوە و ئەوەی "دەقی نهێنی" ناوی لێ برد، بڵاو دەکاتەوە. ئەم وتانە لە کۆتاییدا دەسبەسەررانی دووبارەی ئەویان بە دواوە بوو.
جەواد عەلیکوردی پاش بەرێوەچوونی ڕێوڕەسمی حەفتەی براکەی، خەسرەو عەلیکوردی، لە لایڤێکی ئینستاگرامیدا وێڕای نارەزایەتیدەبڕین بە هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەتییەکان لەگەڵ بەشداربووان، ڕایگەیاند کە ڕێوڕەسمەکە بە ئیزنی فەرمی بەڕێوە چووبوو بەڵام شوێنەکە لەلایەن هێزە لیباس شەخسی، دژەشۆڕش و ئینتیزامییەکانەوە گەمارۆ درا. ئەو وتی کە ویستوویەتی دەقێک لەبارەی ڕەوتی ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە دۆسییەی مەرگی براکەی بخوێنێتەوە بەڵام ئەم ئیزنەی پێ نەدراوە. ناوبراو هەروەها باسی لە دەسبەسەرکران و لێدان لە ژمارەیەک لە میوانان و چالاکانی مەدەنیی بەشدار لە ڕێوڕەسمەکە لەوانە نەرگس محەممەدی، سێپیدە قولیان، عالیە موتەلبزادە، پووران نازمی، حەسەن باقرینیا و عەلی ئادینەزادە کرد و ئەم هەڵسوکەوتانەی بە "کارەساتبار" و "بێوێنە" ناو برد.
جەواد عەلیکوردی لەم قسانەیدا بە ئاماژەدان بە گوشارە ئەمنییەکان و شێوازی هەڵسوکەوت لەگەڵ تازیەباراندا وتی: «ئێوەیەک کە تەحەمولی بەڕێوەچوونی یەک رێوڕەسمی سەرەخۆشیتان نییە، دەتانەوێت بڵێن خەسرەو عەلیکوردی جەڵتەی دڵ لێی داوە؟»
ئەو بە ئاماژەدان بە دەسبەسەرکردنی میوانانی ڕێوڕەسمەکە هۆشداریی دا کە ئەگەر کەسانی دەسبەسەرکراو تا کۆتایی ئەو ڕۆژە ئازاد نەکرێن، ئەو بابەت و بەڵگانەی کە لەسەر دۆسییەی خەسرەو عەلیکوردی لەبەردەستیدایە بڵاویان دەکاتەوە.
ناوبراو جەختی کردەوە: «من ئەو دەقەی کە لەسەر خەسرەو و ئەو بەڵگانەی کە لەبەردەستمدایە ئامادەم کردووە، بەڵام تا ئەو کاتەی دەسبەسەرکراوەکان ئازاد نەکرێن بڵاوی ناکەمەوە.»
ئەو لە بەشێکی تری ئەم لایڤەدا، هێزە ئامادبووەکانی ناو ڕێوڕەسمەکەی بە هەڵسوکەوتی توندوتیژانە، لێدانی خەڵکی تازیەبار، دڕاندنی بەنێرەکان و تێکدانی ڕێوڕەسمەکە تۆمەتبار کرد و بە ئاماژەدان بە پێشینەی بنەماڵەکەی وەک بنەماڵەی شەهید وتی: «ئەگەر ئەمڕۆ گوللـە بە دەست یەکێک لەوانەوە بووایە، پێی دەوتم مێشکت دەتەقێنم.» عەلیکوردی لە کۆتاییدا وێڕای داوای لێبووردن لە ئامادبووان و بنەماڵەی دەسبەسەرکراوەکان، جەختی کردەوە کە ئەو هەمیشە لایەنگری لێبوردەیی و بەدواداچوونی یاسایی بووە، بەڵام ئەو هەڵسوکەوتەی کە لەگەڵ تازیەباران و چالاکانی مەدەنی کراوە بە نایاسایی و نادادپەروەرانە دەزانێت و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی دەسبەسەرکراوانی کرد.
جەواد عەلیکوردی پێشتریش لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی براکەیدا، خەسرەو عەلیکوردی، لە ڤیدیۆیەکدا کە لێی بڵاو بووەوە، بە ئاماژەدان بە ناڕوونییەکانی پێوەندیدار بە مەرگی براکەی وتبووی: «هۆکاری کۆچی دوایی براکەم بەو ١٦ کامێرایەی کە لە شوێنی کارەکەیدا جێگیر کرابوون و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە براون، ڕادەگەیەنم. تەنانەت ئەگەر یەک چرکەشی لێ ببڕدرێت، هیچ کاتێک لە ڕێگەی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە بەدواداچوونی بۆ ناکەم.»
ئەو لە درێژەدا ڕایگەیاندبوو: «بە شێوازێکی ئاشتییانە ڕادەگەیەنم کە تەواوی وێنەکانی ١٦ کامێرای شوێنی کارەکە بەبێ کەم و کوڕی بخرێتە بەردەستمان، ئەگەر نا هاواری مافخوازیی براکەم لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا دەخەمە ڕوو.»
ئەو لە درێژەدا وتبووی: «سەرفراز بێت ئێران، سەربەرز بێت خۆراسانی گەورە، سەربەرز بێت گیانی سەربدارەکان و هەرمان بێت ناو و یادی دوکتور خەسرەو عەلیکوردی. ئێستا کە پێم لە بەندی نیزامی کۆماری ئیسلامیدایە، لە دوای پێبەند، بە یادی خوێنی براکەم خەسرەو، یەک بە یەکی دۆسییە سیاسییەکان بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک بۆ ئێرانی ئازیزمان دەگرمە ئەستۆ.»
جەواد عەلیکوردی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ سنووردارکردنی بەربڵاوی پیشەیی و کاریشدا ڕووبەڕوو بووەتەوە. ئەو لە وانەوتنەوە لە زانکۆ بێبەش کراوە و هاوسەرەکەی، سۆمەیە زەندی، سەرەڕای دەرچوونی لە بەشی یاسا، سەرکەوتنی لە تاقیکردنەوەی پارێزەریدا و نەبوونی هیچ جۆرە پێشینەیەکی سیاسی یان دادوەری، بە فەرمانی وەزارەتی ئیتلاعات لە وەرگرتنی مۆڵەتی پارێزەری بێبەش کراوە. سکاڵای ئەو لەم بوارەدا لە دادگای باڵای دادوەرانیش تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.
هەروەها لە ڤیدیۆیەکی تردا کە لە پێوەندییەکی تلفۆنیی جەواد عەلیکوردی بڵاو بووەتەوە، ئەو بە ئاماژەدان بەو گوشارانەی کە خراونەتە سەر بنەماڵەکەی دەڵێت: «دۆسییەی پارێزەریی ژن و دایکمیان لەناو برد. خەسرەویان چەندین جار دادگایی کرد. من بە پێبەندەوە بەم لا و بەو لادا دەنێرن و بۆ شینی براکەم دەبێ لەمانە مۆڵەت وەربگرم و مۆڵەتی پێشوەختە بگرم کە بتوانم لە ڕێوڕەسمەکەدا بەشدار بم. بڵێن ئەگەر ڕێگەتان نەدا جەواد قسە بکات، ڕێڕەوی جەواد دەگۆڕێت؛ وەسەلام.»
پێشینەی دەسبەسەرکردن، حوکمەکانی جەواد عەلیکوردی؛
١٣٨٣: جەواد عەلیکوردی بۆ یەکەمین جار لە ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٨٣دا، لە کاتێکدا کە ئەندامی ئەنجومەنی شاری سەبزەوار بوو، بە تۆمەتەکانی «شێواندنی بیروڕای گشتی» و «سووکایەتیکردن بە بەرپرسانی وڵاتی و پارێزگا» بە دوو ساڵ بەندکران و لێدانی ١٤٨ قامچی مەحکووم کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەبزەوار گوازرایەوە. ئەم حوکمە لە قۆناغەکانی دواییدا گۆڕدرا بۆ سزای نەختی و ئەو بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
١٣٨٨: لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ساڵی ١٣٨٨ ناسراو بە «بزووتنەوەی سەوز»، جەواد عەلیکوردی بەهۆی تەقەی گولـلەی ساچمەیی هێزە چاو و لێوی بریندار بوو؛ بەجۆرێک کە ژمارەیەک لە ساچمەکان هێشتا لەناو لێویدا ماونەتەوە.
١٣٩٩ تا ١٤٠٠: ئەم پارێزەرە لە ٣ی بانەمەڕی ١٣٩٩دا بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرا و زیاتر لە ٣٠ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەشهەد لەژێر لێپرسینەوەدا بوو. دوای دەرچوونی داواکاری بۆ پێڕاگەیشتن بۆ دۆسییەکەی لەلایەن لقی ١٠٩ی لێکۆڵینەوەی دادگای ئینقلابی مەشهەدەوە، لە ١١ی گەلاوێژی ١٣٩٩دا لقی چوارەمی دادگای ئینقلابی مەشهەد بە سەرۆکایەتی دادوەر «مەنسووری» ئەو بە تۆمەتی «پێکهێنان و بەڕێوەبردنی گرووپی تێلێگرامی ئومێد، ئاگایی و ئازادی بە مەیلی ڕووخاندنی حکوومەت» بە ٦ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی «چالاکی پڕوپاگەندەیی دژی نیزام» بە ٨ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی «سوکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی» بە یەک ساڵ و ٥ مانگ بەندکران مەحکووم کرد. هەروەها سزای تەواوکەری دوو ساڵ قەدەغەکردنی چالاکی و وانەوتنەوە لە ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکان، قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە وڵات و قەدەغەکردنی ئەندامێتی لە پارت و ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ دەرکرا. ئەم حوکمە لە لقی ٣٧ی دادگای پێداچوونەوەی خۆراسانی ڕەزەویدا بۆ دوو ساڵ حەبس کەم کرایەوە، بەڵام سزا تەواوکەرەکان وەک خۆیان مانەوە. جەواد عەلیکوردی لە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٠دا بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی وەکیلئابادی مەشهەد گوازرایەوە و لە ڕەشەمەی هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
١٤٠٣ تا ١٤٠٤: لە ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٣دا، لە دۆسییەیەکی نوێدا بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» بە پێبژاردنی ٢٠٠ ملیۆن ڕیاڵ سزای نەختی و وەک سزای تەواوکەری بە قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە وڵات و ڕێگری لە چالاکی لە فەزای مەجازیدا مەحکووم کرا. بە دەرچوونی ئەم حوکمە، هەڵپەساردنی سێ ساڵەی بەشێک لە مەحکوومیەتی پێشووی هەڵوەشایەوە و سزای هەڵپەسێردراو گۆڕدرا بۆ بەندکرانی داسەپاو. لە ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣دا لقی ٣٧ی دادگای پێداچوونەوەی خۆراسانی ڕەزەوی بڕیاری هەڵپەساردنەکەی هەڵوەشاندەوە و هێزەکانی ئیتلاعاتی مەشهەد بە هێرشکردنە سەر شوێنی کارەکەی دەسبەسەریان کرد و بۆ تێپەڕاندنی ١٦ مانگ بەندکرانی ماوەی سزاکەی بۆ بەندیخانەی وەکیلئابادی مەشهەد گواستیانەوە. ئەو لە ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٤دا دوای تێپەڕاندنی زیاتر لە پێنج مانگ بەندکران، لەژێر چاودێری پابەندی ئێلێکترۆنیدا لە بەندیخانە ئازاد کرا.
خەسرەو عەلیکوردی؛
خەسرەو عەلیکوردی، پاریزەر و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، لەدایکبووی ٥ی سەرماوەزی ١٣٥٨ بوو کە بەیانیی ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤ تەرمی بێگیانی لە شوێنی کارەکەیدا دۆزرایەوە. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هۆکاری مەرگەکەیان بە «جەڵتەی دڵ» ڕاگەیاند، بەڵام بنەماڵەکەی پێیان وایە ئەم مەرگە خاوەنی ڕەهەند و ناڕوونیی ئەمنییەتییە و دامەزراوە ئەمنییەکان تێیدا دەستیان هەبووە. بە وتەی بنەماڵەکەی، بەدواداچوون و دادخوازی لەسەر مەرگی ئەو، لەوانە لەلایەن برایەوە جەواد عەلیکوردی، گوشاری ئەمنی، دەسبەسەرکردن و دەرکردنی حوکمی قورس ی لەگەڵ بووە.
خەسرەو عەلیکوردی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ساڵی ١٣٨٨ەوە بە گرتنەئەستۆی وەکالەتی ناڕەزایەتییەکان و بەندکراوانی سیاسی کەوتە ژێر گوشاری ئەمنی. ئەو لە ساڵانی دواییدا چەندین جار لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کرا و لە ساڵی ١٣٨٩شدا سەرەڕای قەبووڵبوونی لە قۆناغی ماستەری مافی گشتی، لە زانکۆی عەللامە تەباتەبایی، بە داواکاریی وەزارەتی ئیتلاعات لە تۆمارکردن بێبەش کرا. هەرچەندە دیوانی عەدالەتی ئیداری بە قازانجی ئەو حوکمی دەرکرد، بەڵام ئەم حوکمە جێبەجێ نەکرا و ئەو لە بەردەوامبوونی خوێندن لەم زانکۆیە بێبەش بوو. عەلیکوردی دواتر خوێندنەکەی لە زانکۆی ئازاد بەردەوام کرد.
ئەو دوای بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ساڵی ١٤٠١یشدا وەکالەتی ژمارەیەک لە بەندکراوانی سیاسی، چالاکانی مەدەنی و بنەماڵە مافخوازەکانی گرتە ئەستۆ و بەهۆی چالاکییەکانی مافی مرۆڤ، زانیاریبەخشین لەسەر دۆخی بەندکراوان و ڕەخنەگرتن لە سەرکوتکارییەکانی حکوومەت دووبارە کەوتەوە ژێر گوشار. لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی مەشهەد لە سەرماوەزی ١٤٠٢دا ئەو بە تۆمەتی « پڕوپاگەندە دژی نیزام» بە یەک ساڵ حەبس، دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ نێهبەندان، دوو ساڵ بێبەشکردن لە پارێزەری، دوو ساڵ قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە وڵات و دوو ساڵ قەدەغەکردنی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مەحکووم کرد. ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرایەوە و ئەو لە ڕێبەندانی ١٤٠٢دا بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی چوو بۆ بەندیخانەی وەکیلئابادی مەشهەد. عەلیکوردی دوای تێپەڕاندنی هەشت مانگ بەندکران بە «ڕای کراوە» (رأی باز) لە بەندیخانە هاتە دەرەوە، بەڵام لە بەفرانباری ١٤٠٣دا لە کاتێکدا تەنیا ٤٥ ڕۆژ لە مەحکوومیەتەکەی مابوو، بەبێ پێشکەشکردنی هیچ ڕوونکردنەوەیەک دووبارە دەسبەسەر کرایەوە و سەرەنجام لە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا لە بەندیخانە ئازاد کرا.
خەسرەو عەلیکوردی دوای ئازادبوونی ڕایگەیاند کە سەرەڕای پێنج ساڵ خوێندن لە قۆناغی دکتۆرای مافی گشتیدا، بەهۆی ماوەی بەندکرانەکەیەوە لە بەردەوامبوونی خوێندن بێبەش کراوە. ئەو پێشینەی بەرگریکردن لە دەیان نارازیی دەسبەسەرکراو، بەندکراوی سیاسی و بنەماڵە مافخوازەکانی، لەوانە بنەماڵەی ئەبولفەزل ئادینەزادە و فاتیمە سپێهری لە کارنامەی خۆیدا هەبوو.
تەرمی ئەم پارێزەرە ٤٦ ساڵەیە لە سەبزەوار و لە نێوان ئامادەبوونی بەربڵاوی خەڵک و کەشێکی ئەمنیدا بەڕێ کرا و بە خاک سپێردرا. هەواڵی کۆچی دوایی ئەو کاردانەوەی ژمارەیەک لە بنەماڵە مافخوازەکان، چالاکانی مەدەنی و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێکەوتەوە و زۆر کەس گومانی خۆیان بەرانبەر بە گێڕانەوەی فەرمی لەسەر هۆکاری مەرگەکەی دەربڕی.
لە دوای گیانلەدەستدانی خەسرەو عەلیکوردی، ٨٢ پارێزەر بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش داوای ڕوونکردنەوەی تەواویان لەسەر هۆکاری مەرگی ئەو کرد. ئەوان جەختیان لەسەر پێویستیی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و بێلایەنانە، پێشکەشکردنی تەواوی بەڵگە و زانیارییەکانی دۆسییەکە بۆ بنەماڵەکەی و ڕوونکردنەوەی تەواوی ڕەهەندەکانی ئەم ڕووداوە کردەوە. ئەم پارێزەرانە هەروەها ئامادەیی خۆیان بۆ هاوڕێیەتیی یاسایی لەگەڵ بنەماڵەی عەلیکوردی و بەدواداچوونی ڕەوتی ڕاستی دۆزینەوە ڕاگەیاند.