ئیلام/ ناڕوونی چارەنووسی کچە ئەندازیارێکی کارەبا

15:08 - 22 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: کچە ئەندازیارێکی کورد و ئەندامی گرووپی شاخەوانی (کو—ور)، خەڵکی شاری ئیلام لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ، نەگیسا شەهبازی، خەڵکی شاری ئیلام و ئەندازیاری کارەبا، لە ماڵەکەی خۆیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بۆ ناوەندە پەیوەندیدارەکان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کچەکەیان بیئاکام ماوەتەوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی زانیاریی لە سەر چارەنووسی ئەو کچە بە بنەماڵەکەی خۆدەبوێرن و ئەمەش نیگەرانی لای بنەماڵەکەی لێکەوتووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: بنەماڵەی شەهبازی بێئاگایی خۆیان لەمەڕ هۆکاری دەسبەسەر کردنی کچەکەیان دەربڕیوە.

نەگیسا شەهبازی یەکێک لەو کەسانە بووە کە لە کاتی ئاگرتێبەردانی شاخی \"کبیر کوە\" ڕەخنەی توند و ناڕەزایەتی بەرانبەر ناوەندە حکوومەتییەکان دەربڕیبوو کە کەمتەرخەمیان کردووە لە کاتی کوژراندنەوەی ئاگرەکە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە چارەنووسی ئەو کچە ئەندازیارە کوردە ناروونە.

لە لایەکی دیکەوە، هێزە ئەمنییەتیەکانی حکوومەتی لە شاری مەلەکشای ئیلام، هەرەشەیان لە ژاکان باران شاعیر و چالاکی فەرهەنگی کردووە بە هۆی ڕێکخستنی کەمپەینێک بە ناوی \"نا بۆ هەڵاواردن\".