ئیلام/ بەهۆی نەبوونی ناوەندی دەرمانی منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵە گیانی لەدەست دا

16:54 - 10 بەفرانبار 2720

منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵە بە ناوی "کوورش نیروومەند"، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری "هێلیلان" سەر بە پاڕێزگای ئیلام، بەهۆی بەربوونەوە و نەبوونی ناوەندی دەرمانی بۆ چارەسەری پزیشکی، گیانی لەدەست دا.

"کوورش"، خەڵکی گوندی "گلدرە"ی شاری هێلیلان، بەهۆی بەربوونەوە و بێهۆشبوون، پاش ڕاگواستنی بۆ ناوەندی دەرمانیی پاڕێزگای کرماشان، لە ڕێگادا گیانی لەدەست دا.

پزیشکەکان ڕانەگواستنی ئەو منداڵە لە کاتی خۆیدا بۆ ناوەندی دەرمانی، بە هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو منداڵەیان زانیووە.

هەواڵدەریی "فارس" لە زاری مامی ئەو منداڵە تەمەن ٤ ساڵەیە بڵاوی کردەوە: "بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانە و ناوەندی دەرمانی لە شاری "هێلیلان" و بە تایبەت گوندی "زەردەلان"، برازاکەم ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی کرماشان کرا و بە وتەی پزیشکەکان لە ئەگەری زووتر ڕەوانەکردنی "کوورش" بۆ ناوەندی دەرمانی، شایەتی زیندوومانەوەی دەبووین".

بەخشی "هێلیلان" حەشیمەتی ١٥هەزار کەسە و لە بواری کەرەستە و ئیمکانات لە بەخشەکان و حەوزەکاندا بێبەرییە. یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی ئەو شارە، نەبوونی ناوەندی دەرمانییە کە خەڵکی ئەو ناوچەیە ناچارن بۆ چارەسەری پزیشکی سەردانی پاڕێزگاکانی دیکە بکەن.