ئیلام/ باوکێک کۆتایی بە ژیانی خۆی و دوو منداڵەکەی هێنا

13:40 - 7 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لەشاری ئەیوان غەربی سەر بە پارێزگای ئیلام، باوکێک به هۆی هەژاری خۆی و دوو منداڵەکەی دەرمانداو کردووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، چەند ڕۆژ لەمەوبەر هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی شارستانی ئەیوان دوو منداڵی خۆی ژەهرخوارد کردووە و دواتریش کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
لەو بارەیەوە لێپرسراوی پزیشکی دادوەری پارێزگای ئیلام هۆکاری گیان لەدەست دانی ئەو بنەماڵە کوردەی گەڕاندووەتەوە بۆ گازگرتوویی.

هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵنێری کوردپا لەزاری ژمارەیەک هاووڵاتیی ئەیوانی و چەندین سەرچاوەی ئاگادارەوە رایگەیاندووە، ئەو سێ هاووڵاتییە لە رێگەی خۆکووژییەوە کۆتایی بە ژیانیان هاتووە و پڕوپاگەندەی ناوندە پێوەندیدارەکانیشیان بە شاردنەوەی راستییەکان لەقەڵەم داوە.

بە وتەی کەسانی ئاگادار، دۆخ و گوزەرانی ئەو بنەماڵەیە زۆر نالەبار بووە و سەرپەرەستی بنەماڵەکەش(باوک) چەندین جار بەمەبەستی بەدوادا چوون بۆ دۆخی خۆیان سەردانی ناوەندە پێوەندیدارەکانی کردبوو، سەرادنێک کە بێ وڵام مابوویەوە.

پارێزگای ئیلام بە یەکێک لەهەژارترین ناوچەکانی وڵاتی ئێران دێتە ئەژمار و رێژەی بێکاری، تەڵاق و تووشبون بە ماددە هۆشبەرەکان بە بەراورد بە شوێنەکانی دیکەی ئێران زۆر لەسەرەوەیە.

بەپێی ئاماری فەرمیی ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەتی ئێران، نرخی بێکاری لە ئوستانی ئیلام نزیک بە ٢٠% ـە و تەنیاش لەسەدا ٢٠ی کەرتە پیشەییەکان چالاکیان هەیە.

\"26193.jpg\"