ئیلام؛ ئەزیەت و ئازاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر زیندانییەکی سیاسیی ژن

10:54 - 25 بەفرانبار 2721

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا" خەدیجە مێهدی‌پوور، زیندانیی سیاسیی خەڵکی ئیلام، لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان، بەهۆی جیانەکردنەوەی لەگەڵ زیندانییانی دیکە، ئازار و ئەزیەت دەدرێت.

ئەو هەواڵدەرییە مافی مرۆییە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردووەتەوە، پاش میدیایی‌کردنی بارودۆخی ڕاگیرانی خەدیجە لە بەندی زیندانییانی ئاسایی و بڵاوبوونەوەی دۆخی نالەباری، لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان ئەو ژنە زیندانییە سیاسییە، ئازار و ئەزیەت کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها نووسیوویەتی، بەرپرسانی زیندان بە بیانووی میدیایی‌کردنی دۆخی هەنووکەیی خەدیجە مێهدی‌پوور، دەسپێراگەیشتنی هەموو زیندانییانیان بۆ فرۆشگای ئەو زیندانە بێبەری کردووە ئەمەش بووەتە هۆی ئازار و ئەزیەتی ئەو ژنە زیندانییە سیاسییە، لەلایەن زیندانییەکانی دیکەوە.

ئەو ژنە زیندانییە کە لەگەڵ چەند جۆر نەخۆشی وەک سەرئێشەی بەردەوام و پەیدابوونی لەکەیەکی ڕەش لە چاویدا، هەتا ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە چارەسەریی پزیشكی بێبەری کراوە و تەنیا جارێک لە ڕێکەوتی ١٤ی بەفرانبار بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان ڕاگوێزراوە و پاش وەرگرتنی "چاویلکە و قەترەی چاو" گەڕێندرابووە زیندان.

خەدیجە مێهدی‌پوور مانگی گەلاویژی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسداران، دەسبەسەر کرا و  پاش دوو ڕۆژ بۆ زیندانی ئیلام ڕاگوێزرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە تەمەن ٣٤ ساڵەیە، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری ئیلام بە سەرۆکایەتی "دادوەر "پەروانە"، بە تۆمەتی "پرۆپاگەندە دژی نیزام، بێىڕێزی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی و بێڕێزی بە ڕێبەری نیزام"، بە ٢٠ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.