ئیلام؛ سونیا شەریفی یەکەم مێرمنداڵی تۆمەتبار بە "موحاربە" لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە

16:07 - 24 سەرماوەز 2722

سونیا شەریفی، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ و قوتابیی قۆناغی دووی دواناوەندی لە دادگای ئینقلابی ئیلام، بە "موحاربە" تۆمەتبار کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای ڕاگەیاند، سونیا شەریفی کە هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١، لە شاری ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لەگەڵ ئازار و ئەشکەنجە دەسبەسەرکرابوو، لە دادگای ئینقلابی ئیلام بە "موحاربە" تۆمەتبار و مەحکووم کرا.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: سونیا شەریفی پاش دەسبەسەرکرانی دەسبەجێ ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ئیلام کراوە و لە ئێستادا لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی ئیلام ڕاگیراوە.

 هەروەها سەرەڕای ئەوەیکە بنەماڵەکەی خوازیاری ئازادکرانی کچەکەیان بە دانانی بارمتە بوون، دادستان و نوێنەری ئیتلاعاتی ئیلام، لە وەرگرتنی ئەو داواکارییە خۆیان بواردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەو مێرمنداڵە لە سەرەتاوە لەگەڵ تۆمەتی قورس بەرەڕوو بووەتەوە، بەڵام بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە لەو بارەیەوە هیچ شتێک باس نەکەن و خۆیان کێشەکەی چارەسەر دەکەن، بەڵام لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، بنەماڵەکەی ئاگادار بوونەتەوە کە دادستان و نوێنەری ئیتلاعاتی ئیلام، بە بڕیار وەرگرتن لە تاران، بۆ ئەو مێرمنداڵە، تۆمەت و حوکمی "موحاربە"یان بەسەریدا، سەپاندووە و پێشیان بە ئازادکردنی کاتیی سونیا گرتووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادار هەروەها دەڵێت: ئەو تۆمەتە و ئەو حوکمەیان بە سونیا شەریفی ڕاگەیاندووە و پێیان وتووە کە چاوەڕێی ئازادکردنی نەبێت.

 هەروەها دۆسییەکەی سونیا لە نێوان عەبدولوەهاب بەخشندە، دادستانی ئیلام و مەسعوود کارگەر، دادستانی ئاودانان، یاری پێدەکرێت و هەرکامەیان دەڵێن دۆسییەکەی لەلای من نییە و لای ئەو کەسەی دیکەیە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە؛ سونیا شەریفی لە کاتی لێپرسینەوە ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ سەبارەت بە دروستکردنی کووکتل مولووتۆف و دروشم نووسین کراوە. پارێزەری دیاریکراویان بۆ گرتووە و سەرەڕای ناساندنی پارێزەری دیاریکراو، پێشیان بە وەرگرتنی بریکار گرتووە.