ئیلام؛ سونیا شەریفی بە "موحاربە" تۆمەتبار کرا

12:17 - 24 سەرماوەز 2722

سونیا شەریفی تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی شاری ئاودانان کە لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپێشاندانەکاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، بە "موحاربە" تۆمەتبار کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو مێرمنداڵە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە و دادگا لە گرتنی پارێزەر بۆ دۆسییەکەی خۆی بواردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: سونیا شەریفی لە یەکێک لە لقەکانی دادگای ئینقلابی ئیلام، تۆمەتەکەی پێ ڕاگەیەندراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، ئەو کچە مێرمنداڵەیان خستووەتە ژێر گوشارەوە.

سونیا شەریفی قوتابیی قۆناغی دواناوەندییە و هەنووکە لە کانوونی ئیسڵاح و پەروەردەی شاری ئیلامە.

ئێوارەی ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەر، سونیا شەریفی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.