ئیلام؛ زیندانییەک بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زیندان گیانی لەدەست دا

15:57 - 23 سەرماوەز 2721

زیندانییەک بە ناوی "ڕوحوڵڵا مەلەکی" کوڕی "عەلی عەباس"، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری "مێهران" لە زیندانی ئیلام بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکان و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زیندان بەنیسبەت بارودۆخی تەندروستییەکەی، گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە ٩ی سەرماوەز پاش چوار ڕۆژ مانگرتن لە ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ ١٠ ساڵ ناڕوونیی چارەنووسی لە دۆسیەکەیدا، لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ئیلام بە خواردنی حەب هەوڵی خۆکوژیی دابوو کە پاش ڕاگواستنی بۆ بێهداریی زیندان گەدەیان شوشتبووەوە و بەبێ چاوەدێریی پزیشکی و لە حاڵێدا کە باری تەندروستیی زۆر خراپ بووە گەڕێنداربووەوە بۆ بەندی زیندان.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: "ئەو زیندانییە کە لەو بارودۆخە خراپەدا گەڕابووەوە بۆ بەندی زیندان، بەرپرسان بەنیسبەت بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو زۆر کەمتەرخەم بوون و پاش ئەوەیکە حاڵی خراپ بووە بۆ بێهداریی زیندان ڕایانگواستووە و دەرەنجام ١٠ی سەرماوەز گیانی لەدەست دا".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستە ڕوو کە ڕوحوڵڵا لە دووەمین ڕۆژی مانگرتنەکەی لەلایەن مەموورانی زیندانەوە ئازار و ئەشکەنجە درابوو و دواتر ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو.

ناوبراو ١٦ی ڕەشەمەی ساڵی ٩١، بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دەسبەسەر و ساڵی ٩٢ لەلایەن دادگای ئیلام بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.