ئیلام؛ ١٣ حاڵەتی تەقینەوەی کەرەستە تەقەمەنییەکان و کوژران و برینداربوونی ٢٥ هاووڵاتی

12:26 - 19 بەفرانبار 2721

لە دوو شاری سنووری پارێزگای ئیلام، لە سەرەتای ئەمساڵدا، ٢٥ کەس بەهۆی تەقینەوەی مین، کەرەستە تەقەمەنییەکان و پاشماوەی تەقەمەنییە کۆنەکراوەکان، کوژران و بریندار بوون.

بە وتەی فەرمانداری شاری مێهران، ئەو شارە بەهۆی هاوسنوورییەوە لە خاکی عێراق، ، لە سەرەتای ئەمساڵدا، ٨ حاڵەتی تەقینەوەی مینە کۆنەکراوەکانی شەڕی ٨ ساڵە، تێدا ڕووی داوە کە ١٤ هاووڵاتی بوونەتە قوربانی.

عەلی‌عەباس شەفیعی لەو بارەیەوە بە هەواڵدەریی "فارس" ڕایگەیاندووە کە لە کۆی ئەو ١٤ هاووڵاتییە بەرکەوتووی مین و پاشماوە تەقەمەنییەکان، کەسێک گیانی لەدەست داوە.

هەروەها بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی ئورژانسی پارێزگای ئیلام، باسی لە تۆمارکردنی ١٣ حاڵەتی تەقینەوەی مین و کەرەستە تەقەمەنییەکان لە ئاستی ئەو پارێزگایە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە کردووە.

بە وتەی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، لە کۆی ئەو ١٣ حاڵەتە تۆمارکراوە، ١٨ کەس بریندار بوون و ٧ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

هەرچەند لەو ڕاپۆرتەی هەواڵدەریی "فارس" ئاماژە بە ڕێژەی بەرکەوتووانی شاری دێهلۆڕان نەکراوە، بەڵام بەپێی ئەو ١٣ حاڵەتە تەقینەوەیە، ئەگەری هەیە لەو ٢٥ هاووڵاتییەی بەرکەوتووی مینە و پاشماوە تەقەمەنییەکان، خەڵکی شاری دێهلوڕان بووبن.

عیسا بازیار، پسپۆڕی بنبڕكردنی مین لەو بارەیەوە لە تووییتری کەسیی خۆیدا، نووسیوویەتی: "لە ساڵی ٢٠٢١،  بەرکەوتووانی تەقینەوەی مین، لە چاو ساڵی پێشوو، ١١٪ زیادی کردووە".

ئەو چالاکە بنبڕکەرەی مینە، هەروەها نووسیوویەتی: "لە ساڵی ٢٠٢١، لە ٥ پارێزگای ئالوودە بە مین، ٤٧ کەس بوونەتەوە قوربانیی تەقینەوەی مین و کەرەستە تەقەمەنییە پووچەڵ نەکراوەکان کە لەو ڕێژەیە، ١٧ کەس کوژراوە و ٢٧ کەسیش بریندار بوونە".

ئەو چالاکە مافی مرۆڤییە هەروەها نووسیوویەتی: "لەنێو کوژراوەکاندا، دوو منداڵ کوژرا و هەروەها دوو منداڵ و ژنێک بریندار بوون و زۆرترین بەرکەوتووانی مین و پاشماوەی تەقەمەنییەکان، خەڵکی شارەکانی دێهلوڕان، سەردەشت و مێهران بوونە".