ئیلام بە هۆی تۆز و خۆڵ لە کار کەوت

14:38 - 15 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی زۆربوون و خەستیی تۆز و خۆڵ لە پارێزگای ئیلام، دۆخی ژینگەی ئەو پارێزگایە قەیرانییە و کاروباری ڕۆژانەی هاووڵاتییان و دام و دەزگا حکوومەتییەکان لەو پارێزگایەبە تەواوی پەکی کەوت و داخرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دۆخی ژینگە و فەزای پارێزگای ئیلام لە حاڵەتی مەترسیدار دایە و بە هۆی خەستیی تۆز و خۆڵ کاروباری دەزگا و ناوەندە حکوومەتییەکان بە تەواوی داخرا و هەروەها ڕێژەی وردیلەکانی خۆڵ گەیشتووەتە حاڵەتی قەیران و مەترسییەکە بۆ سەر تەندروستیی هاووڵاتییانی ئیلامی.

ڕێژەی تۆز و خۆڵ لەو پارێزگایە تا ڕادەیەکە کە دۆخی نائاسایی لەو شارە ڕاگەیەندراوە و مەودای دیتنیش تا ڕادەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرته بڵاوکراوەکان، خەڵکی پارێزگای ئیلام بە هۆی ئەوەیکە فەزای شار زۆر خۆڵاوییە لە ماڵەکانیان‌دا ماونەتەوە و نەچوونەتە سەر کارەکانیان.

بەپێی هەڵسەنگاندنی وێستگەکانی \"سینوپتیکی\"، لە پارێزگای ئیلام مەودای دیتن لە شارەکانی وەک ئیلام یەک هەزار میتر، ئەیوان ٨ هەزار میتر، سرابلە و لومار ١٠ کیلۆمیتر، ئابدانان ٦ هەزار میتر، دیهلۆران ٥ هەزار میتر و مێهران یەک هەزار میتر بەراورد کراوە.

بەرپرسانی پارێزگای ئیلام ڕایانگەیاندووە کە ئەو تۆز و خۆڵە تا دوو ڕۆژی دیکه لە شارەکانی ئەو پارێزگایە درێژەی دەبێت.

هەواڵدەریی \"مێهر\" لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٣٠ ڕۆژ فەزای ئەو پارێزگایەوە تۆز و خۆڵاوی بووە.

ماوەی دو دەیەیە کە کێشەی تۆز و خۆڵ لە وەرزی گەرمادا ژیان و گوزەرانی خەڵکی پارێزگاکانی کوردستانی ئێرانی تێک داوە و حکوومەتیش هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە هەڵناگرێت.

لەو پێوەندییەدا، چالاکانی سیاسی ـ کۆمەڵایەتی و نووسەرانی کورد سەرەڕای ڕەخنەی توند لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران لەهەمبەر بە میدیایی نەکردنی ئەو کێشەیە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە