ئیلام / چوونەسەرێی نرخی ماددە خۆراکییەکان هەتا دابەزینی خێرایی ئینتێرنێت

17:17 - 13 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: بەپێچەوانەی بەڵێنیی بەرپرسانی حکوومەتی سەبارەت بە کۆنتڕۆڵ کردنی نرخەکانی بازار لە ئوستانی ئیلام، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا نرخی پێداویستیی رۆژانەی هاووڵاتییان بۆچەندین بەرابەری نرخی پێشووتری زیادی کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نرخی چەندین میوە و ماددەی خۆراکیی دیکە بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو رووی لە زیادبوون کردووەو هەر لەو پەیوەندییەدا ئەمڕۆ دووشەممە هەر کیلۆ هێڕەڵ ماسی بە ٤٠٠٠ تمەن و هەر کیلۆ تەماتە بە ٣٠٠٠ تمەن لە بازاڕەکانی شرای ئیلام فرۆشراون.

\"13094.jpg\"
هەروەها نرخی زۆربەی میوەکان لە رۆژانی نزیک بە نەورۆزەوە رۆژ لە دوای رۆژ روویان لە زیادبوون کردووە و هەتا ئێستاش بەرەو گران‌تر بوون دەچن بەشێوەیەک کە نرخی هەر کیلۆیەک ترێ بۆ ٦٠٠٠ تمەن و زۆربەی میوەکانی دیکە بۆ سەرووی ٥٠٠٠ تمەنەوە هەڵکشاون.

لەلایەکی دیکەوەو بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا وبە وتەی دانیشتوانی شاری ئیلام، ماوەی چەندین رۆژە خێرایی هێڵی ئینتێرنێت لەو شارە کەمی کردووە، بەشێوەیەک هاووڵاتییان بۆ سەردانی فەیسبووک بەرەوڕووی کێشە دەبنەوە.

بەوتەی یەکێک لە هاووڵاتییانی شاری ئیلام خێرایی هێلی ئینتێرنێت بەردەوام لە ژێر ٥ کیلۆبایت دایە و سەرەڕای بەدواداچوونی هاوڵاتییان هەتا ئێستا ئەم کێشەیە بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە.