ئیزن نەدرا چالاكانی مافی مرۆڤ چاویان بە دوو زیندانی كورد بكەوێ‌

14:00 - 8 خاکەلێوه 2712
كوردپا: چوار كەس لە چالاكانی مافی مرۆڤ بە مەبەستی ئاگادار بوون لە رەوشی دوو هاووڵاتیی كوردی بە ئیعدام مەحكووم كراو سەردانی زیندانی رەجایی شەهریان كرد و لە ئەنجامدا لەلایەن لێپرسراوانی زیندانەوە ئیزنی چاوپێكەوتنیان پێ‌ نەدرا.

هێمن فەڕوخی، ئاوارە قزڵچی لە راوێژكارانی حقووقی و نێودەوڵەتیی هەرێمی كوردستان، مێهران باوەند و خوسرەو زەعیم، ئەو چوار چالاكەی مافی مرۆڤن كە بە مەبەستی چاوپێكەوتن لەگەڵ لوقمان و زانیار مورادی سەردانی زیندانی رەجایی شەهریان كردووە.

هەواڵدەریی هرانا بڵاوی كردەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەو چوار كەسە لەلایەن دادستانەوە ئیزنی چاوپێكەوتنیان پێدرابوو، بەڵام لەلایەن جێگری زیندانی رەجایی شەهرەوە پێشێیان پێگیرا.

زانیار و لوقمان مورادی رێكەوتی 10ی گەلاوێژ و 5ی رەزبەری ساڵی 1388ی هەتاوی بە تۆمەتی كوشتنی كوڕی ئیمام جومعەی شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كران.
لە نۆ مانگەی یەكەمی دەستبەسەر كرانیاندا هیچ تاوانێكیان نەردایە پاڵ و لە گرتنگەكانی ئیتلاعات دەستبەسەر بوون.
مانگی بەفرانباری ساڵی 1389 لەلایەن قازی سەڵواتی لە لقی 15ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تاوانی \"محارب و مفسد فی الارز\" هەر دوویان حوكمی ئیعدام لە شوێنی گشتییان بۆ بڕایەوە.