ئیزن نادرێ‌ شانۆ كوردییەكان لە فێستێڤاڵێكی ئێراندا بەشداری بكەن

17:13 - 11 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: لەلایەن بەرپرسانی حكوومەتییەوە بە بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵی هونەرە شانۆییەكانی قوتابییان لە بجنوورد راگەیەنراوە ئیزنی ورەگرتنی بەرهەمە كوردیەكانیان نیە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، فێستیڤاڵی سەرانسەریی هونەرە شانۆییەكانی قوتابییانی ئێران كە بڕیارە لە شاری بجنوورد لە پارێزگای خوراسانی باكوور بەڕێوە بچێت، لەلایەن لێپرسراوانی حكوومەتی بە بەڕێوەبەرانی ئەو فێستیڤاڵ ەو هەروەها ناوەندەكانی پیروەردە و بارهێنان راگەیەنراوە كەلە وەرگرتنی شانۆ كوردییەكان خۆ ببوێرن.

لە درێژەی راپۆرتەكەی هەواڵنێری ئاژانسی كوردپادا هاتووە، چەند قوتابییەكی كوردی شاری ورمێ‌ شانۆیەكی منداڵانەیان بە زمانی كوردی بەناوی \"زارۆکنۆ\" یان \"زارۆكینە\" و بەتەما بوون لەو فێستیڤاڵەدا بەشداری بكەن، كە لەلایەن ئیداری گشتیی پەروەدە و بارهێنانی پارێزگاوە پێیان راگەیەنراوە، بەو شانۆیەوە مافی بەشداریی فێستیڤاڵی بجنووردیان نیە.

ئەو فێستیڤاڵە لە بەشەكانی بووكەبارانە، شانۆیی و كورتە فیلم لە رێكەوتی 13 هەتا 17ی خەرمانان بۆ كوڕان و لە رێكەوتی 19 هەتا 23ی خەرمانانیش بۆ كچان لە شاری بجنوورد بەڕێوە دەچێت.

بە وتەی شایەتحاڵان ئەو بەرهەمانەی كە رەوانەی ئەو فێستیڤاڵە دەكرێن لەلایەن ناوەندە فەرهەنگییەكانی پارێزگاوە فیلتێر دەكرێن و هەتا ئێستا بڕیار بووە 22 بەرهەمی بووكەبارانە، 24 بەرهەمی سەرشانۆ و هەروەها 100 كورتە فیلم كەلە پارێزگا جیاجیاكانی ئێرانەوە رەوانە كراون، لەو فێستیڤاڵەدا پیشان بدرێن.

چالاكانی فەرهەنگی لەو باوەڕە دان ساڵانە لە شارە جیاجیاكانی ئێران دەیان فێستیڤاڵی هونەری و فەرهەنگی بەڕێوە دەچێت و بەشداریی ئەو بەرهەمانەی كە بە زمانەكانی غەیرە فارسی بەرهەمهاتوون، گرفتیان بۆ دێتە پێش.