ئیدارەی ئەمنییەتی تورکیە "فاتمە داوەند"ی بە پێوەندیی لەگەڵ PKK تۆمەتبار کرد

12:33 - 11 بانەمەڕ 2722

فاتمە داوەند چالاکی شاری بۆکان و نیشتەجێی وڵاتی تورکیە لەلایەن ئیدارەی ئەمنییەتی تورکیە بە "هاوکاری لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان" (PKK) تۆمەتبار کرد.

لوقمان یووسفی هاوژینی فاتمە داوەند، لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاندووە: "دووشەممە حەوتووی ڕابردوو، فاتمە لەلایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی تورکیەوە بۆ ئەو ئیدارەیە ڕاگوێزراوە و بۆ ماوەی ٧ کاتژمێر لێپرسینەوەی لێ کراوە".

بە وتەی لوقمان یووسفی، مەئموورانی ئیدارەی ئەمنییەتی تورکیە هاوژینەکەی (فاتمە داوەند"یان بە ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان، تۆمەتبار و هەرووەها دەستیان بە سەر موبایلەکەیدا گرتووە.

لوقمان یووسفی هەروەها ڕایگەیاندووە ئیدارەی ئەمنییەتی تورکیە هەتا ئێستا موبایلەکەیان بە فاتمە نەداوەتەوە و پاش ٧ کاتژمێر لێپرسینەوە هاوژینەکەمیان بۆ کەمپی قەیسرییە گەڕاندووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو:فاتمە هەموو ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن ئیدارەی ئەمنییەتی تورکییەوە لێداربوو ڕەت کردووەتەوە.

فاتمە دادوەند ڕێکەوتی ٢٥ خەزەڵوەری ساڵی ٩٨،  لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان لەمەڕ گرانیی بێنزین دەسبەسەر کرابوو و بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی ڕووحیدا بوو و پاش چەند ڕۆژ، دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراو لە هەواڵەکانی ٢٠:٣٠ لە شەبەکە ٢ی دەنگوڕەنگی حکوومەتی ئێران، بڵاو کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا و ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ٩٩، بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی، بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.

فاتمە داوەند ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، لە لقی ١٠٣ دادگای ئینقلابی کەیفەریی ٢ی بۆکان، بە سەرۆکایەتی دادوەر "مەهدی تەقی‌زادە"، بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی بە ئاژاوەنانەوە و کەشفی حیجاب" دادگایی و لەو دادگایەدا، لە تۆمەتی‌ وەپاڵداروی "کەشفی حیجاب" بێتاوان ناسرا و بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی"، بە ٥ مانگ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٣٠ زەربە قامچی، مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٩٩، فاتمە داوەند، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندی ژنانی زیندانی ورمێ کرا.

ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٠، "فاتمە داوەند"، بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد و  ناوەڕاستی مانگی بەفرانباری هەمان ساڵ زێدی خۆی بەجێهێشت.