ئیدارەی ئەماکینی سەقز، مامۆستایەکی قوتابخانەی رادەستی دادگە کرد

15:51 - 5 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئەماکینی هێزی ئینتزامیی شاری سەقز، یەکێک لە مامۆستایانی مانگرتووی شاری سەقزی بانگهێشت کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەکێک چالاکانی سینفی – مەدەنیی شارستانی سەقز بەناوی سلێمان عەبدی لەلایەن ئیدارەی ئەماکینەوە رادەستی دادگەی ئەو شارەوە کرا.

ئەو مامۆستا کوردە، کە رۆژی رابردوو بانگهێشتی دادگەی ئینقلابی ئەو شارە کراوە، تۆمەتی \"شێواندنی بیروڕای گشتی\" دراوەتە پاڵ.

بە گوتەی یەکێک لە هاوکارانی سلێمان عەبدی، ناوبراو ئەو تۆمەتەی رەت کردۆتەوەو سەرئەنجام بە دانانی بارمتەی ٢٠ ملوێن تمەنی ئازاد کراوە.

\"24373.jpg\"
سلێمان عەبدی، مامۆستای قوتابخانە و چالاکی سینفیی شاری سەقز و ئەندامی چالاکی کەمپەینی یارمەتی کۆکردنەوە بۆ ئاوارەکانی شەنگال
ئەو مامۆستا کوردە، یەکێک لە بەرێوەبەرانی مانگرتنی مامۆستایانی شاری سەقز لە کۆتایی مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا بوو، کە بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی کوردپا، سلێمان عەبدی دژایەتیی لەگەڵ مانەوەی ١٠ ساڵەی بەرپرسی ئیدارەی پەروەردەی شاری سەقز لەو پۆستەیدا دەربڕیوە.

ناوبراو جگە لە پیشەی مامۆستایەتی، لە ماوەی رابردوودا لە کەمپەینی یارمەتی کۆکردنەوە بۆ لێقەوماوانی شەنگال و کۆبانیشدا چالاکیی مەدنیی بووە.

ناوەڕاستی حەفتەی رابردووش زیاتر لە نیوەی مامۆستایان و قوتابیانی قوتابخانەکانی شاری سەقز، بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سیستەمی پەروەردەیی، مانگرتنێکیان بەڕێوەبرد.

ئەو مانگرتنە لە شارەکانی، کرماشان، مەریوان، سنە و بانەش بەرێوە چووبوو.