ئیدارەی ئەماکین لە تالارەکاندا ژن و پیاو لێک جیا دەکاتەوەو پۆلیسی هاتوچۆش ماشینی بووک و زاواکان زەوت دەکات

15:31 - 29 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: لە چەند ساڵی رابردوودا پرۆژەی جیاکردنەوەی رەگەزی لە زانکۆکان، پارک و شوێنەگشتییەکان بە شێوەیەکی بەرین لە ئارادا بووەو لە ماوەی رابردووشدا لە ناوچە کوردنشینەکان ژنان و پیاوان لە تالارەکانی شایی کردندا بە بڕیاری ئیدارەی ئەماکینی لێک جیا کراونەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خاون تالارەکانی زەماوەند لە شاری سنە، بە بڕیاری ئیدارەی ئەماکینی ئەو شارە، بە دروست کردنی دیوار ژن و پیاوانیان لە زەماوەندەکاندا لێک جیا کردۆتەوە.

\"21616.jpg\"
هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە رایگەیاند؛ لەگەڵ ئەوەیکە ژن و پیاو لە شایی و زەماوەندەکاندا لێک جیا کراونەتەوە، ئەو کەسانەشی کە لە تالارەکاندا زەماوەند دەکەن، دەبێ مۆڵەتی ئەماکین وەربگرن.

یەکێک لە هاووڵاتییانی شاری سنە رایگەیاندووە، مەئموورانی ئیدارەی ئەماکین، کاتژمێر ١٠ی شەو دەچێتە نێو تالارەکان و شایی و هەڵپەڕکێی هاووڵاتییان دەشوێنن و تالارەکە بە هاووڵاتییان چۆڵ دەکەن.

بە گوتەی ئەو کەسانەی کە لە ماوەی رابردوودا لە تالارەکاندا شایی و زەماوەندیان کردووە، ئیدارەی ئەماکین بە فیلمهەڵگری شاییەکانی راگەیاندووە، \"فیلمی زەماوەندی نێو تالارەکە، بەر لەوەی مونتاژ بکرێت، دەبێ بیدەنە ئیدارەی ئەماکن\".

\"21617.jpg\"
هاوکات ئیدارەی ئەماکین گوتووشیەتی؛ \"کاتێک کە بووکەکان لە ئارایشگەکانەوە دەبردرێنە تالارەکان، دەبێ پەڕۆیەک بەسەر بووکەکاندا بدەن، کە هیچکەسێک لەسەر شەقامەکان نەیانبینن و ئەگەریش ئەو پەڕۆیە بەسەر بووکەکاندا نەدەن، تەنانەت پۆلیسی هاتووچۆش بە بڕیاری ئەماکین ماشێنی بووک و زاواکان زەوت دەکات\".

لە سەرەتای وەرزی بەهاری ئەمساڵیشدا، ئیدارەی ئەماکینی شاری سەقز لە بەخشنامەیەکدا بە خاوەن تالارەکانی شایی کردنی راگەیاندبوو؛ \"دەبێ بە زووترین کات، دیوارێک بۆ جیاکردنەوەی ژن و پیا لە تالارەکانی شایی کردندا دروست بکەن\".

هاووڵاتییانی کورد، ئەو بڕیار و کردەوەیەی ئیدارەی ئەماکینی شارەکان بە سووکایەتی کردنی ئەو ئیدارەیە بە فەرهەنگی نەتەوەی کورد و دەستێوەردان لە ژیانی هاووڵاتییاندا لە قەڵەم ئەدەن\".