ئیدارەی ئەماکنی شاری بۆکان دووکاندارە ناسراوەکانی ئەو شارەیان بانگهێشت کردووە

16:59 - 3 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئەماکنی شاری بۆکان، هەڕەشەی لە خاوەن پاساژەکان و دووکاندارە باوەڕپێکراوەکانی ئەو شارە کردووە، کە پەیویست بە مانگرتنی گشتیی ئەو شارە نەبن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی ئەماکنی شاری بۆکان، خاوەن پاساژەکان و دووکاندارە باوەڕپێکراوەکانی ئەو شارە بانگهێشت و هەڕەشەی لێ کردوون لە چوونە ڕیزی مانگرتنی سەرتاسەری بازاڕیان خۆیان ببوێرن.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بۆکان ڕایگەیاند: ئیدارەی ئەماکنی شاری بۆکان هۆشداری بە بازاڕیان داوە، لە ئەگەری پەیوەست بوون بە مانگرتنی گشتیی ئەو شارە لەگەڵ وەرگرتنەوەی مۆڵەتی کار و حوکمی قەزایی بەرەوڕوو دەبنەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ڕابردوو هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شارەکانی مەریوان، بانە و جوانڕۆ هەڕەشەیان لە بازاڕیانی مانگرتوو کردووە، کە کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بێنن. هەروەها ئەماکن و هێزە ئینتزامییەکان بە هەڕەشەکردن لە دووکاندارانی شاری پیرانشار لە ئەگەری بەردەوام بوون لە داخستنی دووکانەکان، لەگەڵ کێشەی قەزایی بەرەوڕوو دەبنەوە.

لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوەوە، بازاڕیانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان، زیادکردنی نرخی گومرۆکەکان دەستیان دایە مانگرتن و ئەم مانگرتنانە فراوانتر بووه و شارەکانی مەریوان، سەقز و پیرانشاریشی گرتەوە.