ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، چالاکوانێکی ژینگەپارێزیان دەسبەسەر کرد

21:22 - 8 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان دوای دەسبەسەر کردنی چالاکوانێکی بواری ژینگەپارێزی، بە بنەماڵەکەی بێڕێزیی و سووکایەتییان کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕەزبەر، هێزە ئیتلاعاتییەکانی مەریوان، چالاکوانێکی بواری ژینگەپارێزیان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواست.

هەواڵنێری کوردپا لە مەریوان، شوناسی ئەم چالاکوانە ژینگەپارێزییەی بە \"موسلیح کۆنەپوشی\" ڕاگەیاند.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای دەسبەسەر کردنی ئەم چالاکوانە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، بنەماڵەکەی وە بەر هەڕەشە و سووکایەتییەکانی ئەم ناوەندە حكوومەتییە کەوتوون.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: برای ئەم چالاکوانە دوای چوار سەعات لێپێچێنەوە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات ئازاد کراوە.

بنەماڵەی کۆنەپۆشی؛ سەرەڕای سەردانی ئیتلاعاتی مەریوان، هیچ زانیارییەکان دەست نەکەوتووە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە هۆکاری دەسبەسەر کرانی ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە ناڕوونە.