ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ هاووڵاتییەکی سەردەشتی دەسبەسەر کرد

14:43 - 22 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، هێرشیان کردە سەر یەکێک لە گوندەکانی شاری سەردەشت و هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو گوندەیان دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \"هەڵمەت فرووغی\" خەڵکی گوندی \"بێورانی خوارێ\" سەر بە شاری سەردەشت، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری ورمێیەوە دەسبەسەر کرا.

لە هۆکاری سەرەکیی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە، بەڵام هەواڵە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن، کە هێزەکانی ئیتلاعات ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"هارردنی هاووڵاتییان بۆ ئەم دیوی سنوور بە شێوەی نایاسایی\" دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

لە لایەکی دیکەوە، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد، بە ناوی \"ڕەشید ئازەری\" تەمەن ٤٠ ساڵ کوڕی ئەحمەد، خەڵکی گوندی \"بێورانی خوارێ\" سەر بە شاری سەردەشت، کە ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕێبەندان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ورمێ دەسبەسەر کرابوو، بە دانانی وەسیقەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی لە گرتووخانە ئازاد کرا.