ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز بنەماڵەی عوسمان ئیسماعیلی بانگهێشت کرد

20:56 - 21 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی چالاکێکی کرێکاریی خەڵکی شاری سەقز بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی جۆزەردان، \"غەزاڵ ئیسماعیلی\"، \"ئارمان ئیسماعیلی\" و \"خەبات ڕەحیمی\"، هاوسەری عوسمان ئیسماعیلی بانگهێشتی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز کران.

ئەو سێ هاوووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی \"وێنەگرتن لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی کرێکار لە شاری سەقز\" بانگهێشتی ناوەندی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کراون و لەو پەیوەندییەدا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بەو سێ هاووڵاتییە کوردەیان ڕاگەیاندووە، \"هۆکاری ئەوان بۆ وێنەگرتن لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە شاری سەقز چی بووە\".

هێزە ئیتلاعاتییەکان داوایان لەو سێ هاوووڵاتییە کوردە کردووە کە بۆ بەشداری نەکردن لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار و ٨ی مارس و ڕێوڕەسمەکانی دیکە، بەڵێننامە واژۆ بکەن که ئەوانیش خۆیان لە واژۆی ئەو بەڵێننامەیە بواردووە.

هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، سەید عەلی حوسێنی، چالاکی کرێکاری بە تۆمەتی \"بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە.