ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە هەڕەشەی لە عەدنان حەسەن‌پوور کرد

15:44 - 14 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد بەهۆی نووسینی نامەیەک بۆ حەسەن رۆحانی، بەرەوڕووی هەڕەشەی مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بوویەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١١ی خەزەڵوەر، عەدنان حەسەن پوور لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بانگهێشت و بەهۆی ئەوەی کە نامەیەکی بۆ حەسەن رووحانی نووسیبوو، هەڕەشەی رێگری کردن لەپێدانی مۆڵەتی لێکرا.

هەر لەو پەیوەندییەدا، یەکێک لە مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات بە \"عەدنان حەسەن پوور\"ی راگەیاندبوو: \" ئەگەر سەرجەم بەرپرسانی حکوومەتی رەزامەندیی خۆیان لەگەڵ چوونە مورەخەسیی تۆ دەرببڕن، من رێگری لەو بڕیارە دەکەم\".

\"16565.jpg\"
عەدنان حەسەن‌پوور بەڕابردووترین رۆژنامەنووسی زیندانی لە ئێران، ماوەی حەوت ساڵە مورخەسی پی نەدراوە
عەدنان حەسەن‌پوور بەڕابردووترین رۆژنامەنووسی زیندانی لە ئێران، ١٥ رۆژ بەر لە دەستبەکار بوونی حەسەن رووحانی نامەیەکی سەرئاوەڵای بۆ ناوبراو نووسیبوو کە تێیدا داوای کردبوو \" بەشێوەی فەرمی پێداچوونەوە بە روانگەی حکوومەتی سەبارەت بە پرسی کورددا\" بکرێت.

ئەو رۆژنامەنووسە زیندانی کراوە لە زیندانی سنە، نووسیبووی: \" ئاشکرایە سەرەکی‌ترین فاکتەری دروست بوونی شوناس جیاوازی و وێکچووەکانە کە لە پەیوەندیی رۆژانەی مرۆڤەکاندا خۆیان دەنوێنن و هیوادارم ئەم جیاوازییە وەک خۆبەزلزانی سەیر نەکرێت. مرۆڤ بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە کە جیاوازییەکانی خۆی لەگەڵ کەسانی دیکەدا زەق بکاتەوە و هەتا لە سایەی سەری ئەم جیاوازییانەوە بتوانێ شوناس و کەسایەتیەکی سەربەخۆ دروست بکات و کاتێکیش ئەم جۆرە کەسایەتییەی مسۆگەر کرد، لەگەڵ کەسانی دیکەدا هاتوچۆو رێکەوتنی هەیە دەبێت. ئەم شوناسخوازییە بە مانای مەزنخوازی نییە، بەڵکوو لەم رێگایەوەیە کە دەکرێ و دەبێ پێکهاتەیەک بۆ پێکەوە ژیان دروست بکەین، بۆ ئەوەی ژیانی مرۆڤ و مافی مرۆڤ نەکەوێتە مەترسییەوە\".

عەدنان حەسەن‌پوور رێبەندانی ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی لەشاری مەریوان دەستبەسەر کرا و دواتر بە چەند تاوان کە یەکێک لەوانە هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوو، حوکمی سێدارەدانی بە سەردا سەپێندرا کە ئەو حوکمە لە پرۆسەیەکی دورورێژی قەزاییدا بۆ ١٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

عەدنان حەسەن پوور بە رابردووترین رۆژنامەنووسی زیندانیی ئێرانەکە پاش تێپەڕبوونی ٧ ساڵ بەسەر حوکمەکەیدا، هەتا ئێستا مورخەسی پێ نەدراوە.