ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز، سێ لاوی کوردی دەستبەسەر کرد

15:39 - 25 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ٣ لاوی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی سەقزیان دەستبەسەر کرد.

بەپیی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕ، سێ لاوی خەڵکی گوندی مەڵقەرەنی لە ناوچەی سەقز، لەلایەن مەئموورانی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە دەستبەسەر کران.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز، ناوی ئەو سێ لاوە کوردەی (هیوا ئازەری تەمەن ٢٨ ساڵ و کوڕی ئیبراهیم)، (محمەد قانع تەمەن ٢٤ ساڵ و کوڕی محێدین) و (ساڵار ئازەری تەمەن ٢٦ ساڵ و کوڕی حەسەن)، راگەیاندووە.

مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری سەقز، ئەو سێ لاوە کوردەیان لە ناودێی مەڵقەرەنی دەستبەسەر کردووەو لەگەڵ خۆیاندا بردوویانن.

لەو پەیوەندییەدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ سالار ئازەری لە سێ ساڵی رابردووشدا چەندین جار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز کراوەو بەرەوڕووی لێپێچینەوەی مەئموورانی ئەو ئیدارە بۆتەوە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا ٢٤ هاوڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ئوستانەکانی کوردستان، ئازەربایجانی رۆژئاوا، ئیلام و کرماشاندا دەستەبسەر کراون.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەمەر هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی راگیرانی ئەو سێ لاوە کوردەی خەڵکی گوندی مەڵقەرەنی، لەبەر دەستدا نییە.