ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە چالاکێکی فەرهەنگی و خوێندکاری دەستبەسەر کرد

16:49 - 2 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: بە تیێپەڕ بوونی چەند رۆژ لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سنە، لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە دوای بانگهێشت کردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نیە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە درێژەی بانگهێشت کردنی خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی کوردستان و ئێران، خوێندکارێکی کورد خەڵکی شاری سنە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا و هەتا ئێستا لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و چارەنووسی ناڕوونە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە شوناسی ئەو خوێندکارە کوردەی \"کاوە خوسرەوی کوردستانی\" خوێندکاری کارناسی لە زانکۆ پەیامی نوری سنەی راگەیاند.

\"27051.jpg\"
کاوە خوسرەوی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە و هەنووکە چارەنووسی ناروونە
دەوترێ، ئەم خوێندکارە کوردە مامۆستای زمانی کوردی لە ئەنجومەنی فەرهەنگی و ئەدەبی \"هاوڕی هەورام\" و بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی وتووێژە فەرهەنگیەکان بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، رۆژی چوارشەممەی حەوتووی رابردووی کاوە خوسرەوی، بانگهێشتی ئێدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە و هەتا ئێستا هۆکاری بانگهێشت و دەستبەسەر کردنی ئەو چالاکە کوردە لەلایەن ئێدارەی ئیتلاعاتەوە روون نەبووەتەوە.

پێشتر، بەرپرسی گشتیی ئێدارەی ئیتلاعاتی و بەرپرسی گشتیی حەراستی سنە لە کوبوونەوەیەکدا، وێڕای هەڕەشە کردن لە خوێندکاران سەبارەت بە چالاکی سیاسی لە زانکۆ راگەیاند: تەواوی هەڵسوکەوت و چالاکیی خوێندکاران لە زانکۆ لە ژێر کونتڕۆڵی ئێمە دایە.