ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە سێ چالاکی کرێکاریی بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کرد

11:23 - 12 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بانەمەڕ، لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، چوار چالاکی کرێکاریی بانگهێشت کرد و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ کردن.

"شەیس ئەمانی، شەریف ساعدپەنا و هاوژینەکەی شەهلا دڵبینا" لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کران.

ئیتلاعاتی سنە، لە کاتژمێر ١١ هەتا ٣ی دوانیوەڕۆ، لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردبوون و هوشداریی بەو چالاکە کرێکارییانە دابوو کە لە هەر چەشنە چالاکییەک لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران خۆیان ببوێرن.

لەلایەکی دیکەوە، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، "هاجەر سەعیدی"، چالاکی کرێکاری  و ژنانی بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کرد.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بانەمەڕ، لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سنە دوو چالاکی کرێکاری و دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی "موزەفەر ساڵح‌ نیا" وێڕای هاوژینەکەی، بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کرد و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرد.

هەروەها هەمان ڕۆژ، دوو چالاکی کرێکاری بە ناوەکانی "ڕامین کەریمی و یووسف گرامی ‌پەروەر" لە ڕێگای تەلەفۆنەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کران.

ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێران، هەموو ساڵێک لە کوردستان ژمارەیەک لە چالاکانی کرێکاری بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە دەکەن و لێپرسینەوەیان لێ دەکەن.