ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان، پێشی بە چالاکیی کەمپەینی \"کۆبانی بەتەنیا جێ ناهێڵێن\" گرت

15:40 - 21 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: کەمپەینی یارمەتی کۆکردنەوە بۆ ئاوارەو لێقەوماوانی کۆبانی کە لە شاری بۆکان دەستی بە چالاکی کردبوو، بەهۆی فشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە وهەڕەشەی گرووپە سەلەفییەکان چالاکییەکانی خۆی راگرت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەحەر سەعادەتی و رەزا شەریفی بۆکانی، دوو کەس لە بەرێوەبەرانی کەمپەینی یارمەتی کۆکردنەوەی بۆ لێقەوامانی کۆبانی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە بانگهێشت و بەرەوڕووی هەڕەشە بوونەتەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بۆکان رایگەیاند؛ کەمپەینی یارمەتی کۆکردنەوە بۆ لێقەوماوانی کۆبانی، کە رێکەوتی ٣٠ی رەزبەر و بە مۆڵەتی فەرمیی فەرمانداری بۆکان دەستی بە چالاکی کردبوو، پاش دوو حەفتە چالاکی، ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان پێشی بە چالاکییەکانی گرت.

مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان بە بەڕێوەبەرانی ئەو کەمپەینەیان راگەیاندووە، \"فەرمانداری \"بێخود\" مۆڵەتی بە ئێوە داوە، چونکە خۆپیشاندانەکانیش بە مۆڵەتی ئێمە بەڕێوەچووە\".

پێشتریش، سەحەر سەعادەتی، چالاکی مافی مرۆڤ و یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کەمپەینی \"کۆبانی بەتەنیا جێ ناهێڵین\" بەڕوڕووی سووکایەتیی \"هێزە سەرەڕۆکان\" ببوویەوە.

ئەو کەمپەینە، کە لەلایەن مانگی سووریشەوە هیچ هاوکارییەکیان نەکرابوو، لە ماوەی ئەو چەند رۆژە چالاکییەیدا نزیک بە ٤ ملوێن تمەن پارەیان بۆ لێقەوماوانی کۆبانی کۆکردۆتەوە.

\"23130.jpg\"
رەزا شریفی بۆکانی کە یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کەمپەینی \"کۆبانی بەتەنیا جێ ناهێڵێن\"
هەروەها رەزا شریفی بۆکانی کە یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کەمپەینی \"کۆبانی بەتەنیا جێ ناهێڵێن\"ـە، لەلایەن ٦ کەسی سەلەفییەوە، هێرشی کراوەتە سەرو بەرەوڕووی لێدان و سووکایەتی کردن بۆتەوە.

بە گوتەی شایەتحاڵان، رەزا شەریفی بۆکانی، کە لە ترمیناڵی بۆکان هێرشی کراوەتە سەر، سەری شکێندراوەو بۆ ماوەی یەک شەو لە نەخۆشخانە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدا بووە.

دەگوترێ، ئەو ٦ کەسە، رەزا شەریفی بۆکانییان وەکوو موڕتەد و مەلعوون بانگ کردووە.

پێشتریش لە شاری مەهاباد، چەند کەسێکی سەلەفی هێرشیان کردبوویە سەر کەمپەینەکانی یارمەتی کۆکردنەوە بۆ لیقەوماوانی شنگال و کۆبانی و سووکایەتییان بە بەڕێوەبەرانی کەمپەینەکان کردبوو.