ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان هەڕەشە و لێپرسینەوەی لە رەزا شەریفی بۆکانی کرد

16:59 - 30 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: رەزا شەریفی بۆکانی چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت و بەرەوڕووی هەڕەشە بوویەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕ، رەزا شەریفی بۆکانی پاش ئەوەی خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعات ناساند، لەلایەن مەئموورانی ئەو ئیدارەیەوە بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر هەڕەشە و لێپرسنەوەی لێکرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری بۆکان؛ هێزە ئیتلاعاتییەکان بە رەزا شەریفی بۆکانیان راگەیاندووە، کە نابێ لەگەڵ هیچ میدیا و ماڵپەڕێکی دەرەوەی وڵات پەیوەندی هەبێت.

\"21087.jpg\"
رەزا شەریفی بۆکانی چالاکی مەدەنیی بانگهێشت و بەرەوڕووی هەڕەشە بوویەوە
ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەرپرسیارەتیی گیانی کەسێکیان بەناوی \"ئارەش درووزی\"، کە گۆیا لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە هەڕەشەی لێکراوە، خستووەتە ئەستۆی رەزا شەریفی بۆکانی.

بە وتەی نزیکانی بنەماڵەی رەزا شەریفی بۆکانی، ئەم هەڕەشەیەی مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات نیگەرانیی لای ئەو چالاکە کوردە و بنەماڵەی ناوبراو دروست کردووەو کەسووکاری رەزا شەریفی بۆکانی، بانگهشیت و هەڕەشەی وەزارەتی ئیتلاعات لە رەزا شەریفی بۆکانی بە سیناریۆ و پیلانی وەزارەتی ئیتلاعات لە قەلەم ئەدەن.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ چالاکییەکانی رەزا شەریفی بۆکانی لە چوارچێوەی مافی مرۆڤدان و لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هاوڕێ لەگەڵ دوو ژنە چالاکی بۆکانی بەناوەکانی سەحەر سەعادەتی و حەمیدە کاکەپوور، نامەیەکی لەمەڕ دۆخی زیندانیانی سیاسیی کورد پێشکەشی دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کردبوو.