ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان لاوێکی دایە بەر لێدان و کوتان

16:24 - 26 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، پاش دەستبەسەرکردنی لاوێکی بۆکانی، بۆ ماوەی چەند کاتژمێر ئازاری جەستەییان داوە و داویانەتە بەر لێدان و کوتان.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێ کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان، لاوێکی تەمەن ٢٥ ساڵی خەڵکی ئەو شارەیان بەناوی شۆڕش خاکی کوڕی کەریم، بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر دەستبەسەر کردووە.

دەستبەسەر کردنی ئەو لاوە کە میکانیک بووە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەز ڕووی‏ داوە و بەپێی ڕاپۆرتی نێردراو، بەشێوەیەکی هۆڤانە بێڕێزیی پێ‏کراوە و وێڕای لێدان و کوتانی، سووکایەتییەکی زۆری پێ کراوە.

کەسانی نزیک لە بنەماڵەی شۆڕش خاکی، ڕایانگەیاندووە کە دەستبەسەر کردن و لێپرسینەوە لە ناوبراو بە بێ هیچ هۆکار و بەڵگەیەک بووە و بنەماڵەی خاکی، سکاڵایەکیان دژ بە ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان لە دادگا تۆمار کردووە.

سەرچاوەکانی هەواڵ ئەگەری ئەوە دەدەن کە ئەندامەتی یەکێک لە نزیکانی ئەو لاوە کوردە لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران، هۆکاری ئازار و ئەزیەتی ناوبراو بووبێت.

پێشتر هێزە ئەمنیەتییەکانی بۆکان چەندین چالاکی سیاسیی و مەزهەبیی کوردیان بە بیانووی جۆراوجۆر دەستبەسەر و بە شێوەیەکی توندوتیژانە لێپرسینەوەیان لێ کردبوون. لە هێندیک حاڵەتدا کەسی دەستبەسەر کراو، لە قەراغی شار بە شەلوپەت کراوی فڕێ دەدرێت.