ئیدارەی ئیتلاعات گوشاری زیاتری خستووتە سەر بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان

14:22 - 25 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی گوشاری ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان و لە نوێترین حاڵەتدا، چەند کەسێک لە ئەندامانی بنەماڵەی حیزبە کوردییەکان لە شاری مەهاباد، بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، چەند کەسێک لە ئەندامانی بنەماڵەی حیزبە کوردییەکانی بانگهێشتی ئەو ئیدارە حکوومەتییە کردووە و داوای لێ کردوون، کە بچن کوڕەکانیان کە ئەندامی حیزبە کوردییەکانن بیانهێنەوە.

یەکێک لە نزیکانی ئەندامانی بنەماڵەی حیزبە کوردییەکان، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ئیدارەی ئیتلاعات پاش چەند جار بانگهێشتکردنی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی حیزبە کوردییەکان، پێیان ڕاگەیاندووە، یان دەبێت کوڕەکانتان بهێنەوە، یان نابێت لەگەڵیان پەیوەندیتان هەبێت.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، ئیتلاعاتی مەهاباد بەو بنەماڵانەی ڕاگەیاندووە، لە ئەگەری هاوکاری نەکردن بۆ هێنانی کوڕەکانتان یان پەیوەندیگرتن لەگەڵیان، لەگەڵ کێشەی قەزایی بەرەوڕوو دەبنەوە و خۆیان بەرپرسیارن.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد، بە یەکێک لە ئەندامانی ئەو بنەماڵانەی ڕاگەیاندووە، کە دەبێت ڕۆژی دووشەممەی داهاتووە، دووبارەی سەردانی ئیتلاعات بکات.

بە وتەی ئەو سەرچاوە، ئامانجی ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییە حکوومەتییەکانی ئێران، لە کوردستان، دروستکردنی فەزای ئەمنییەتی زیاترە.