ئیدارەی ئیتلاعات، ڕێگری لە بنەماڵە سیاسییەکان دەکات کە سەردانی منداڵەکانیان بکەن

21:00 - 18 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیاران، ڕێگری لە بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان لەو شارە دەکات کە سەردانی منداڵەکانیان بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بنەماڵەی یەکێک لە ئەندامانی حیزبە کوردییەکان، لە لایەن ئیتلاعاتی شاری کامیارانەوە ڕێگرییان لێکراوە کە سەردانی منداڵەکەیان بکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کورد، کە هەنووکە لە ڕیزەکانی خەباتدایە، کاتێک کە ویستویانە سەردانی ژن و منداڵی ئەم چالاکە سیاسییە بکەن، لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتەوە ڕێگرییان لێکراوە و مەرجیان داناوە و پێیان وتوون کە ئەگەر دەتانهەوێت سەردانی بووک و کوڕەزاکەتان بکەن، دەبێ هاوکاریی ئیتڵاعات بکەن.\"

لە لایەکی دیکەوە، لە شاری مەهاباد، ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە، ڕێگرییان لە بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان کرد کە لە جێژنی ڕەمەزاندا سەردانی کوڕەکانیان بکەن.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: \"ئیتلاعات بە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردەی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر ئیزنتان پێ بدەین، دەبێ کوڕەکەتان بهێننەوە، با داهاتوویان بەخۆڕایی بە فیڕۆ نەچێت و ئەگەریش نایەتەوە، با لە هەرێمی کوردستاندا نەمێنت و بچێتە ئورووپا.\"

پاش دەسپێکردنی ڕاسانی خۆرهەڵات و چالاکیی حیزبە کوردییەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، ئیدارەی ئیتلاعات لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە چاو ساڵانی پێشوو، گوشاری زیاتری خستووەتە سەر بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران.\"