ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەی لە چالاکێکی مەریوانی کرد+وێنە

15:10 - 9 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنیی شاری مەریوان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، هەڕەشەی لێکرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ محەمەد غەریب فەیزی چالاكی مافی مرۆڤ و ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانی شاری مەریوانەوە بەرەوڕووی هەڕەشەی دەستبەسەر کران بوویەوە.

\"19089.jpg\"
هێزە ئیتلاعاتییەكانی شاری مەریوان هەڕەشەی دەستبەسەر کران له محەمەد غەریب فەیزی ده‌که‌ن
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری مەریوان بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ هەتا ئیستا هۆکاری ئەو هەڕەشە کردنەی هێزە ئیتلاعاتییەکان لەو چالاکە کوردە روون نەبۆتەوە و مەترسیی دەستبەسەر کرانیشی لە ئارادایە.

ئەو چالاکەی مافی مرۆڤ، کە لە ئیدارەی مانگی سووری شاری مەریوانیش‌دا چالاکیی دەکات، رێکەوتی ٧ی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویش لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەریوانەوە دەستبەسەر کرابوو.

محەمەد غەریب فەیزی، کە وەکوو تەڕاح و گرافیستی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان کار دەکات، لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار رێزی لێگراوەو لە ساڵی ١٣٨٨دا بەهۆی چالاکییەکانی لە بواری فەرهەنگی-هونەری و هەروەها یارمەتی و فریاکەوتنەکانییەوە وەکوو لاوی سەرکەوتووی ساڵ ناسێندرا و رێزی لێگرا.
\"19088.jpg\"

\"19090.jpg\"