ئیدارەی ئیتلاعات دەیان هاووڵاتیی دیکە کوردی دەستبەسەر کرد

22:21 - 14 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە شێوەی سیستماتیک لە هەوڵێکدا لانیکەم ٥ هاووڵاتی دەستبەسەرکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا،لە سەرەتای ئەم حەوتوویەدا لە شاری کامیاران سەر بە پارێزگای سنە سێ لاو لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

ئەو هاووڵاتییانە خەڵکی گوندی تەنگیسەرن، کە لە هێرشی مەئموورانی ئیتلاعاتی کامیاران بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو هاووڵاتییانەی بە ناوەکانی سروەر مورادی کوڕی عەلی، خەبات مەولودی کوڕی ئەحمەد و ئەلماس ڕەزایی کوڕی براخاس ڕاگەیاندووە.

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو، دوو هاووڵاتیی لە شاری شنۆ سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لەلایەن ستادی خەبەری ئەو شارەوە دەستبەسەر کران.

فەتاح پوور ئەحمەد و لوقمان ئەمینی خەڵکی گوندی \"چوار بۆت\" ناوچەی نەڵۆس، ناسنامەی دەستبەسەر کراوەکانن.

بەپێی ڕاپۆرتی نێردراو بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە، وەزارەتی ئیتلاعات لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوو دا لە شارەکانی مەریوان، کامیاران، سنە و سەوڵاوا لانیکم ٣٠ هاووڵاتیی بە تۆمەتی \"ئەمنییەتی\" دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

سەبارەت بە ئەو دەستبەسەر کردنانەی ئەو کۆمەڵا هاووڵاتیەی خەڵکی کوردستان، هەواڵدەریی کوردپا ئەو ڕووداوی پەیوەندییداری بە ناوچەی کوێستانی \"کۆساڵان\" لە سەوڵاو ئاماژە کردوە کە لەوێدا هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران لەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تووشی شەڕ و تێکهەڵچوون بوون.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نەورۆزی ئەمساڵ و لە پەیامی سکرتێری گشتی ئەو حیزبەدا، ئاماژەی بە دەستپێکردنەوەیی چالاکی سیاسی_تەشکیلاتی لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کردبوو.

هەروەها دوو ڕۆژ پێش ئاژانسی کوردپا ئێشارەی بە دەستبەسەر کردنی لانیکەم ١٣ هاووڵاتیی لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، سەقز، شنۆ و سەردەشت کردبوو.