ئیدارەی ئیتلاعات دژایەتی لەگەڵ لێبوردنی ئەنوەر حوسێن پەناهی کرد

20:24 - 20 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای کوردستان رێگری لە \"لێبوردنی مەرجدار\"ی زیندانییەکی سیاسیی کورد کرد.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران رەزامەندییی خۆی لەگەڵ \"لێبوردنی مەرجداری \"ئەنوەر حوسێن‌پەناهی\" دەربڕی، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دژایەتی ئەو بڕیارەی کرد.

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی \"حوسێن‌پەناهی\" با ئاژانسی کوردپای راگەیاند: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دژایەتی داشکان و لێخۆش بوون لە حوکمی ئەو زیندانیە کوردە دەکات.

\"10120.jpg\"
ئەنوەر حوسێن‌پەناهی
هەروەها هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەو زیندانییە سیاسییەیان راگەیاندووە کە هەتا کۆتایی حوکمەکەی ئیزنی مەرەخەسیی پێنادرێت.

لە بەفرانباری ساڵی رابردوودا بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە نامەیەکدا داوایان لە \"ئەحمەد شەهید\" رێپۆرتێری تایبەتیی ماڤی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ، رێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور و کۆمەڵێک لە چالاکانی مافی مرۆڤ کردبوو بە کردەوە پشتیوانی لە ئازادیی کوڕەکەیان بکەن.

ئەنوەر حوسێن‌پەناهی لە ناوەڕاست مانگی هاوێنی ئەمساڵدا بەپێێ بڕیاردی دادوەری پارێزگای سنە چووبوە مەرەخەسی.

پێشتریش ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لە خەرمانانی ئەمساڵدا هەڕشەی درووست کردنی دۆسیەیەکی دیکەیان لەو زیندانییە سیاسییە کردبوو.

ئەنوەر حوسێن‌پەناهی خەزەڵوەری ساڵی ٨٦ی هەتاوی بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی دژبەرێ حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و بە ١٦ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم درا.