ئیدارەی ئیتلاعات بەڵێن‌نامەی لە هاوسەری مادێح نەزەری وەرگرت + وێنــــە

15:21 - 11 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: هاوسەری مادێح نەزەری رۆژنامەنووس و سەرنووسەری دووحەفتەنامەی \"دیدگاه\" لە ژێر زەخت و گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دایە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاوسەری مادێح نەزەری رۆژنامەنووسی بێسەروشوێن کراوی کورد لەلایەن ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرا.

شیوا گەنجی بەهۆی لێدوان بۆ مێدیاکان لەمەڕ چارەنووسی نادیاری هاوسەرەکەی، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەڵێننامەی فەرمیی لێ‌وەرگیراوە و پێیان راگەیاندووە لە ئەنجام دانی هەر چەشنە لێدوانێک بۆ مێدیاکان خۆی ببوێرێت و لەئەگەری سەرپێچی کردن، بەرپرسیارەتی ئەو کارە دەکەوێتە ئەستۆی خۆی.

\"11317.jpg\"
مادێح نەزەری و شیوا گەنجی
هاوسەری ئەو رۆژنامە نووسە کوردە بەهۆی زەخت و گوشاری هێزە ئەمنیەکان و نیگەرانی لەمەڕ چارەنووسی مادێح نەزەری، لە رۆژانی چوارشەممە و پێنج‌شەممە لە نەخۆشخانەی شاری سنە لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دابوو.

وەرگرتنی بەڵێن‌نامە لە شیوا گەنجی لە کاتێک دایە کە هاوسەرەکەی لە ٢٠ رۆژ پێش ئێستاوە بێسەروشوێنە و هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لەمەڕ چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

پێشتر هاوسەری ئەو رۆژنامەنووسە کوردە لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: مادێح نەزەری ١ مانگ پێش ئێستا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و هەڕەشەی لێکرابوو.