ئیدارەی ئیتلاعات بە بنەماڵەی کەریمی؛ لە ئەگەری هاوکاری نەکردنی مەجید کەریمی، ناوبراو ئازاد ناکرێت

11:45 - 15 جۆزەردان 2722

ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە بنەماڵەی مەجید کەریمی، چالاکی سێنفیی مامۆستایان و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - سنە و کەڵاتەرزان ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری هاوکاری نەکردنی مەجید کەریمی، ناوبراو ئازاد ناکرێت.

ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هەروەها بە بنەماڵەی کەریمیی وتووە، ئەگەر ئەو شتانە کە ئەوان دەڵێن و مەجید کەریمی باسی نەکات، ئەو هەروەها لە گرتنگەی ئەو ناوەندە ئەمنییەتییە دەمێنێتەوە.

"شاهید عەلەوی" ڕۆژنامەنووسی کورد لەو پەیوەندییەدا لە تویتێری کەسیی خۆی باسی لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیی مەجید کەریمی لەگەڵ بنەماڵەکەی کردووە کە بە وتەی بنەماڵەکەی دەنگی مەجید کەریمی لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیدا، زۆر لاواز بووە و ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانیی بنەماڵەی کەریمی.

 ڕۆژی سێشەممە ١٠ی جۆزەردان، مەجید کەریمی، ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - سنە و کەڵاتەرزان، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو.

ئەو چالاکە سێنفییەی مامۆستایان لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستایان لە سنە، بۆ بەدواداچوون لەمەڕ بارودۆخی "مەسعوود فەرهیختە" لە بەردەم بینای ئیتلاعاتی سپا کۆ بوونەوە و لەلایەن چەند کەس لە لیباس شەخسییەکان بە ماشینێک لە جۆری "پێژۆ" ڕفێندرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی جۆزەردان، مامۆستایان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە بەرانبەر بینای ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لە سنە بەڕێوە برد و خوازیاری ئازادکردنی مامۆستایانی زیندانی و وەدەستهێنانی مافەکانیان بوون.

مامۆستایان لەو کۆبوونەوەیەدا ناڕەزایەتیی خۆیان لەمەڕ دەسبەسەرکردنی مەسعوود نیکخا، ئەسکەندەر لوتفی و شەعبان محەممەدی، لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایان کوردستان- مەریوان دەربڕی و بە دانی دروشمی "مامۆستای زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت" خوازیاری ئازادکردنی بێمەرجی مامۆستایانی زیندانیکراو بوون.

هەروەها بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لەلایەن مەجید کەریمی لەمەڕ پشتیوانی لە مامۆستایانی زیندانکراو خوێندرابووەوە.