ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، ‌هەڕەشەی دۆسیەسازی لە مامۆستایانی سەقزی کرد

14:57 - 15 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: پاش مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان لە کوردستان و ئێران، ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری سەقز، هەڕەشەی دۆسیەسازی لە مامۆستایانی مانگرتووی ئەو شارە کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری سەقز، پاش مانگرتنی سەرتاسەری فەرهەنگییان، هەڕەشەی لە مامۆستایانی ئەو شارە کردووە و خستوویانییەتە ژێر گوشارەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری سەقز، بۆ کۆتایی هێنانی مانگرتنی مامۆستایانی قوتابخانەکانی ئەو شارە،هانای بۆ هەوڵی \"فراقانونی\" بردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: سەرەڕای هەڕەشەکانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری سەقز، مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان زیاتر لە ٧٠ خوێندنگەی ئەو شارە بەرێوەچوو.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو: داخوازی مامۆستایان لەو مانگرتنەدا، لابردنی جیاوازی، هەڵوەشانەوەی گەڵاڵەی چەساندنەوەی مامۆستایان، لابردنی کێشەی ژیان و گوزەرانی فەرهەنگییان، ئازاد کردنی ما مۆستایانی بەندکراو ... بوون.

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا، پێداگری لە سەر ئەوە کرد کە، مامۆستایان ڕایانگەیاندووە، لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی داخوازییەکانیان، درێژە بە مانگرتنەکەی خۆیان دەدەن.