ئیدارەی فەرهەنگی ورمێ، مۆڵەتی چالاکیی گروپێکی شانۆی کوردیی هەڵوەشاندەوە

15:43 - 11 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: گروپی شانۆیی سنوور لەشاری ورمێ، لەلایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئەو شارەوە مۆڵەتی چالاکییەکەیان لێ هەڵوەشێندرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ورمێ بە بەڕێوەبەرانی گرووپی شانۆیی سنووریان راگەیاندووە، لە حاڵەتێکدا دەتوانن لە چالاکییەکەیان بەردەوام بن، کە تەنیا بە زمانی فارسی شانۆ نمایش بکەن.

داخرانی گرووپی شانۆی سنوور لە کاتێک دایە کە ئەو گرووپە ماوەی ١ ساڵە مۆڵەتی چالاکیی لە ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ورمێ وەرگرتووە و لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک چالاکیی شانۆییان لە شاری ورمێ بەڕێوە بردووە.

گروپی شانۆی سنوور بە سەرپەرستیی محەمەمد عەباسی نزیک بە ٢٠ ئەندامی شانۆکاری هەیە و نیوەی ئەندامانی ئەو گرووپەش لە ژنان و کچانی شانۆکاری کوردی خەڵکی شاری ورمێ پێکهاتبوو، کە بە بڕیاری ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ورمێ مۆڵەتی چالاکییەکەیان هەڵوەشێندرایەوە.