ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکان، سەدان هێکتار زەویی جووتیارانی داگیر کردووە

16:12 - 24 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی شاری ئیلام، بە بیانووی زەوییە گشتییەکان، سەدان هێکتار زەویی لە جووتیاران داگیر کردووە.

هەواڵدەریی حکوومەتیی فارس لە ئیلام لە هەواڵێکدا باسی لەوە کردووە کە ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی ئەو پاریزگایە بە بیانووی پاراستنی موڵکی گشتی، دەستی بەسەر سەدان هێکتار زەویی جووتیاراندا گرتووە.

ڕەوتی دەسبەسەرداگرتنی زەویی جووتیاران لە لایەن ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانەوە، لە ساڵی ٨٥ی هەتاوییەوە دەستی پێکردووە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا، سەدان هێکتار زەویی جووتیارانی ئیلامییان داگیر کردووە.

ئەو زەوییانە بەپێی قەباڵە و سەند، پێش لە هاتنە سەر کاری حکوومەتی ئێران، بە ناوی جووتیارانەوە تاپۆ کراوە و خاوەنی ڕاستەقینەی زەوییەکان، جووتیارانن و ئەو زەوییە داگیرکراوانە، لە تەنیشت پارکی دارستانیی \"چەقا سەوز\" هەڵکەوتووە و هەنووکە کراوەتە شوێنی سەیرانگا.

بەپێی بەڵگەکان و بەپێی یاسا دەبێ خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو زەوییانە، جووتیاران بن و ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکان، خۆی بە خاوەنی ئەو زەوییانە دەزانێت و دەستی بە سەردا گرتووە.

ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکان، سەرەڕای دەسبەسەرداگرتنی سەدان ‌هێکتار زەویی جووتیاران، بە ناوی موڵکی گشتی، ئەو زەوییانەی بە ئورگانەکانی دیکەی حکوومەتی بەخشیووەتەوە و هەنووکە ئەو زەوییانە، کراونەتە شوێنی سەیرانگا.

بەپێی یاسای وەرزێڕی و باغات، پەسەند کراوەی ساڵی ٧٤، هیچ زەوییەکی کشتوکاڵی ئیزنی \"تەغییر کاربەری\"ی بە شوێنی خانووبەر و سەیرانگا نییە.

سەرەڕای سکاڵای جووتیارانی شاری ئیلام لە ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکان، ئیدارەی جیهادی کشاوەرزی، هیچ هەڵوێستێکی نەبووە.

بەپێی سکاڵاکانی جووتیاران لە دادگا و بە پشتبەستن بە قەباڵەی زەوییەکان، جووتیاران بە خاوەنی ڕاستەقینەی زەوییەکان ناسراون و سەرەڕای تێپەڕاندنی ٧ ساڵ و ٦ مانگ بە سەر بڕیاری دادگا، کە ئەو زەوییانە هی جووتیارەکانە، هێشتا ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکان و ئورگانە دەوڵەتییەکان، خۆیان بە خاوەن موڵکی ئەو زەوییانە دەزانن.