ئیدارەی برقی دیواندەرە بە ئەنقەست برقی چەند گوندێکی پچڕاند

20:24 - 9 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی برقی شاری دیواندەرە بە مەبەستی \"تەمێ کردنی\" چەند گوندێکی سەربەو شارە، برقەکەیانی پچڕاندووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: لەماوەی رۆژانی رابردوودا ئیدارەی برقی شاری دیواندەرە بە دەستی ئەنقەست برقی گوندەکانی \"هەزار کانیان\" و \"نسارەی سەروو\"ی پچڕاند.

ئیدارەی برقی شاری دیواندەرە هۆکاری ئەو هەڵوێست گرتنەی بۆ نەدانی پارەی فیشی برقی چەند بنەماڵەیەک گەڕاندۆتەوە، ئەوە لە حاڵێک دایە کە بەوتەی هاووڵاتییان، ئەو چەند بنەماڵەیە بەهۆی دەستکورتییەوە توانای دابین کردنی پارەی برقەکەیان نەبووە.

بە وتەی هاووڵاتییان، ئیدارەی برقی دیواندەرە هەتا ئێستاش برقی ئەو دوو گوندەی رۆشن نەکردۆتەوە و ئەوەش لە کاتێکدایە زۆربەی هاووڵاتییان لە وەرزی سەرمادا لە کەرەسە برقییەکان بۆ گەرم کردنەوەی ماڵەکانیان کەڵک وەردەگرن.

دەگوترێت نزیک بە ٤٠٠ بنەماڵە لەو دوو گوندەدا نیشتەجێن و سەرجەم نزیک بە ١٨٠٠ کەس حەشیمەتیان هەیە، کە نەبوونی برق لەو گوندانە کێشە و گرفتی جیدیی بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، گرانیی رۆژ لەدوای رۆژی نرخی برق هاووڵاتییانی وەزاڵە هێناوە و لە ناوەڕاست مانگی خەەڵەوری ئەمساڵدا نرخی هەر کیلۆوات ساعەت برق لە ٤٣ تمەنەوە بۆ ٦٨ تمەن بەرز بۆتەوە، کە بەو پێیە نرخی هەر کیلۆوات، ٢٥ تمەن رووی لە زیادبوون کردووەو بەپێی بڕیاری نوێی پەسند کراوی مەجلیس، نرخی برق سەرلەنوێ چوونە سەرەوە بەخۆیەوە دەبینێت.