ئیدارەی ئاگرکوژینەوە تەرمی \"شێرکۆ مەعارفی\"ی بۆ شاری بانە گواستەوە

19:54 - 13 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: تەرمی زیندانیی لە سێدارە دراوی کورد شێرکۆ مەعارفی، لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی شاری بانە گەڕێندراوەتەوە بۆ زێدی خۆی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری بانەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: کاتژمێر ٦ی سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە تەرمی شێرکۆ هێندراوەتەوە بۆ شاری بانە و هەنووکە لە ساردخانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیوبی راگیراوە.

سەرچاوەکە گوتیشی بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعات بنەماڵەی شێرکۆ مەعارفی ئاگادار کردۆتەوە کە کاتژمێر ٥ی سەرلەئێوارێ دەتوانن مەلایەکی ئایینی بێنن و تەرمی کوڕەکەیان وەرگرنەوەوە و لە گۆڕستانی شاری بانە بینێژن\".

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی کە تەرمی شێرکۆ لەلایەن شارەوانیی شاری بانەوە کفن کراوە و هەتا ئێستا ئیزنیان بە هیچ کام لە کەسوکاری بنەماڵەکەی نەداوە کە چاویان بە رۆڵەکەیان بکەوێت.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، هێزە دەوروبەری نەخۆشخانەی شاری بانە بە هێزێکی زۆری نیزامی ملیتاریزە کراوە و هەموو جۆرە جوڵە و بزاوتێکی هاووڵاتییان کۆنتڕۆڵ دەکەن.

پێشتر یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند کە کایژمێر ٩ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لەلایەن بەرپرسانی زیندانی شاری سەقزەوە ئاگدارا کرانەوە کە رۆڵەکەیان لە سێدارە دراوە.

لەکاتێکدا کە بنەماڵەی شێرکۆ سەردانی زیندانی شاری سەقزیان کردبوو، لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە هێچ وەڵامێکیان پێ نەدرایەوە و بەناچاری گەڕانەوە بۆ شاری بانە و هەنووکە چاوەڕێی وەرگرتنەوەی تەرمی رۆڵەکەیان دەکەن.

شێرکۆ مەعاررفی سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ و پاش ٥ ساڵ راگیران لە زیندانی ناوەندیی شاری سەقز، لەسێدارە درا.

ئەو زیندانییە کوردە، گەلاوێژ مانگی ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی لە گوندی گەورە قەڵای شاری سەقز دەستبەسەر کراو و پاش چەند مانگ راگیران لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای ئەو شارە، لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سەقز بە تاوانی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان حوکمی سێدارەی بۆ بڕییەوە.