ئیختلاس لەبانکێکی شاری بۆکان و قەرەبووکردنەوەی لەسەر حیسابی هاووڵاتییان+بەڵگە

12:31 - 20 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە\"پۆست بانکێکی\" شاری بۆکان ئیختلاس و \"دزینی پارە\" رووی داوە و ناوەندە پێوەندیدارەکان بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو \"گەندەڵییە\"، پارە زیادی لەهاووڵاتییانی ئەو شارە دەستێنن.

هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەشاری بۆکان لەزاری چەند کەسێکەوە رایگەیاند، لەقەبزی ئاوی ئەو مانگەی ژمارەیەکی بەرچاو لەهاووڵاتییانی شاری بۆکاندا پارەی زیادە تۆمار کراوە.

یەکێک لەهاووڵاتیان وتوویەتی: \" ئەستاندنی ئەو پارە زیادییە لەکاتێکدایە، کە مانگی پێشوو ئێمە پارەی ئاومان لە پۆست بانکی گەڕەکی \"سەید شوکرە\" خستۆتە حیسابی ئیدارەی ئاو و فازەڵاوەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا هاووڵاتییەکەی شاری بۆکان کە پارەی زیادەی بۆ هاتۆتەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە، \" من سەردانی ئیدارەی ئاو وفازەڵاوی بۆکانم کردووە و پێیان وتووم کە مودیری پۆست بانکەکە پارەکەی نەخستۆتە حیسابی ئیدارەوە\".

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار مودیری پۆست بانکی گەڕەکی سەید شوکرە لە شەقامی سەید جمالەدینی ئەسەد ئابادی بەناوی ئاغای \"پ\" هەڵاتووە.

دەوترێت کە وەرگرتنی پارەی زیادییە قەبزی بەرق و گازیشی گرتۆتەوە و هەر هاووڵاتییەک کە لەو پۆست بانکە پووڵی ئاو، بەرق و گازی داوە، تووشی ئەو کێشەیە بووە.

لەحاڵی حازردا وەرگرتنی پارەی زیادیی ئاو، بەرق و گاز هاووڵاتییانی بۆکانیی تووشی نیگەرانی کردووە و لەو باوەڕەدان ناوەندە پێوەندیدارەکان بە زۆرە ملی دەیانهەوێ‌ئەو ئیختلاسە لەسەر گیرفانی ئێمە قەرەبوو بکاتەوە.

ژمارەیەک لە هاووڵاتیانیش بەمەبەستی تۆمار کردنی سکاڵە سەردانی فەرمانداریی ئەو شارەیان کردووە.
\"18276.jpg\"

\"18277.jpg\"