ئیجلال قەوامی: گەلاڵەی حەسەن رۆحانی بۆ مافی هاووڵاتییان هیچ زەمانەتێکی ئیجرایی نییە
نزیک بە ٢ مانگ پاش دەستبەکاربوونی حەسەن رۆحانی، سەرکۆماری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران نووسراوەیەکی لەژێر ناوی \"گەڵاڵەی مافی هاووڵاتی\" لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ١٥٠ خاڵدا لەسەر ماڵپەڕی سەرکۆماڕ بڵاو کرایەوە، هەتا کارناسان و مافناسان سەرنج و تێبینیی خۆیان لەمەڕ پێداچوونەوە و راست کردنەوەی بەندەکانی ئەو گەڵاڵەیە بخەنەڕوو.
ئەم گەڵاڵەیە لەلایەن حەسەن رۆحانییەوە ئامادە و بڵاو کراوەتەوە و سەرجەم خاڵ و بەندەکانی ئەو گەلاڵەیە لەسەر بنەمای یاسای بنەڕەتیی ئێستای وڵاتی ئێران نووسراوە، کە بە وتەی زۆرێک لە چاوەدێران لەو گەلاڵەیەدا ناهەق جێگەی بە هەق لێژ کردووە و تەنانەت هیچ پێناسەیەکی بۆ هاووڵاتی بون نەکراوە.
ئیجلال قەوامی وتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە دیمانەیەکدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ ئەو گەڵاڵەیە شتێکی نوێی تێدا نیە و هەمان ئەو شتەیە کە لە فەسڵێ ٣ی یاسای بنەڕەتیی وڵاتی ئێراندا و لەژێر ناوی \"مافی میللەت\"دا هاتووە و هیچ گۆڕانێکی بنەڕەتیی بەخۆیەوە نەبینیوە.
ئەو رۆژنامەنووسە کورد لە وڵامی پرسیارێکدا کە ئەو گەلاڵەیە هەتا چەندە گارانتی دەکرێت کە بچێتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە، رایگەیاند؛ لەراستیدا نزیک بە تێکڕای چالاکانی مافی مرۆڤ، مافناسان و چالاکانی سیاسی ئیرادێک کە لەو گەلاڵەیە دەیگرەن ئەوەیە، کە هیچ گارانتییەکی ئیجرایی نییە، کە سەرکۆمار بتوانێت لە وڵاتی ئێراندا ئیجرای بکات، بۆیە ئەم گەڵاڵەیە تەنیا لە قاڵبی نووسراوەیەک دایە و لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم لایەنی پڕوپاگەندەی هەیە، دەنا ئەگەر یاسای بنەڕەتیی ئێران جیبەجی بکرێن بەشێکی بچووک لە مافی هاووڵاتییان دەستەبەر دەبن.
ئەو چالاکە مافی مرۆڤییە گوتیشی کە سەرەڕای ئەوەی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە وڵاتی ئێراندا مۆڵەتی کار کردنی پێ نادرێت، بەڵام ئێمە وەکوو رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بەبێ لایەنگری لە هیچ رەوت و رێکخراوێکی سیاسی بە ئەرکی خۆمانی دەزانین هەر پێشێلکارییەک، کە دەرهەق بە هاووڵاتییان دەکرێت، بە میدیایی بکەینەوە و لانیکەم بتوانین لە قاڵبی بەیاننامەیەکدا ناڕەزایەتیی خۆمان دەرببڕین.
قەوامی گوتیشی ئێمە لە چوارچێوەی کۆنوانسیۆنەکانی مافی مرۆڤدا کار دەکەین و ئامانجیشمان ئەوەیە کە پێشێلکردنی مافی هاووڵاتییان بگاتە لانیکەمی خۆی و هەتا ئێستاش سەرەڕای ئاستەنگەکان، لەو راستایەدا جوولاوینەتەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا، کە هەتا چ رادیەک لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە دەرەوەی وڵات پرس و راتان لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوخۆی وڵات پێ دەکرێت، گوتی: رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی لەگەڵ زۆربەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ وەک \"هیومێن رایتس واچ، کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ، فێدراسیۆنی کۆمەڵە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ و ..\" لە دەرەوەی وڵات هەیە و ئەو پێشێلکارییەی، کە لە ناوچە کوردنشیەنکانی ئیران دەرهەق بە هاوولاتییان دەکرێت، راو بۆچوونی ئێمە وەردەگرن و ئەو ئامارانەی کە لەمەڕ پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکان بڵاو دەبنەوە، سەرچاوەکەیئەو ئامار و راپۆرتانەی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانە و بەوپەڕی بێ لایەنییەوە، ئەو راپۆرتانە بڵاو دەکەینەوە.
پێشتریش عەبدولکەریم لاهیجی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رادیۆ فەرانسە رایگەیاندبوو، لە سیستمێکی سیاسیدا کە بناغەکەی لەسەر جیاوازیی ماف بەپێی ئیسلامی و نائیسلامی دارێژرابێت، بەهیچ شێوەیەک ناکرێ باس لە مافیت هاووڵاتییان بکرێت.