ئیجلال قەوامی بەبێ ئامادەبوونی خۆی لە دادگا بە ٨ مانگ زیندان مەحکووم کرا

15:18 - 4 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕۆژنامەنووسێکی کورد و چالاکی مافی مرۆڤ، دانیشتووی شاری سنە بەبێ ئامادەبوونی خۆی، لە لقی ١٠٩ی دادگای کەیفەریی ٢ی ئەو شارە بە ٨ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیجلال قەوامی، چالاکی مافی مرۆڤ، دانیشتووی شاری سنە، بەبێ ئامادەبوونی خۆی لە لقی ١٠٩ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەو شارە، بە تۆمەتی \"بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست بۆ تێکدانی بیروڕای گشتی\" بە ٨ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.

جێگێری دۆزگەری گشتیی و ئینقلابی شاری سنە، بۆ ئەم چالاکە، داوای سزای کەیفەری کردبوو و هەروەها ناوبراو لە هەمبەر حوکمەکەی ماوەی ٢٠ ڕۆژ پاش لەو ڕێکەوتە لە لقی ١٠٩ی دادگای کەیفەری ٢ مافی ناڕەزایەتیدەربڕینی هەیە و پاش ٢٠ ڕۆژ مافی پێداچوونەوەی لە دادگاکانی پێداچوونەوەی شاری سنەی هەیە.